“خلیجی 25” بۆ ساڵی 2023 دواخرا

ئەنجومەنی باڵای یەکێتیی جامی کەنداوی عەرەبی، کۆنفرانسێکی تایبەتی ئەنجامدا و بڕیاردرا جامی کەنداوی 25 بۆ ساڵی 2023 دوابخرێت.

ئەمڕۆ دووشەممە، لە کۆبوونەوەی نووسینگەی جێبەجێکاری سەرجەم یەکێتییەکانی تۆپی پێی بەشدار لە جامی کەنداو، بڕیاردرا جامی “خلیجی 25” بۆ مانگی کانونی دووەمی 2023 دوابخرێت، بەبێ ئەوەی مافی ڕێکخستنی پاڵەوانێتییەکە لە عێراق بسەندرێتەوە.

وەزیری وەرزش و لاوان و لەهەمان کاتدا سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، عەدنان درجال لەوبارەیەوە بە میدیاکانی ڕاگەیاند، “لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا تاوەکو 30 کانونی یەکەمی 2022 لەبارەی کۆتاییهاتنی ئامادەکارییەکانی عێراق و شاری بەسڕە و یاریگای ئەو شارە بڕیاربدرێت، دوای ئەوەی لیژنەکانی پشکنین سەردانی شارەکە دەکەن بۆ لێکدانەوەی بارودۆخ و ئامادەکارییەکان”.

هەروەها وتی، “پێویستە شانبەشانی یەکدی هەموو هەوڵیکبدەین بۆ سازکردنی پاڵەوانێتییەکی شایستە، کە تیایدا هەموو برایانمان لە وڵاتانی عەرەبی کۆدەکەینەوە، سوپاسی یەکێتیی تۆپی پێی وڵاتانی کەنداو و لیژنەکانی پشکنین دەکەم، کە ئەوپەڕی پاڵپشتیی خۆیان بۆ شاری بەسڕە دەربڕی، مافی عێراقیان چەسپاند لە ڕێکخستنی پاڵەوانێتییەکە”.

بڕیاربوو لە 24ی کانونی یەكەمی ئەمساڵ وەشانی 25ی جامی کەنداو لە شاری بەسڕە لە عێراق ئەنجامبدرێت، لە حەوتی کانونی دووەمی 2022 کۆتاییبێت، بەڵام بەهۆی کێشەی تەکنیکی و ئەمنییەوە، لەسەر ڕاسپاردەی یەکێتی تۆپی پێی عێراق، پاڵەوانێتییەکە ساڵێک دواخرا.

بابەتی پێشتر

بە مەرجەوە سەردانیكردنی ڕاگیراوان و سزادراوان دەستیپێكردەوە

بابەتی دواتر

لەم هەفتەیەدا لەبارەی مۆندیالی دوو ساڵەوە بڕیاردەدرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share