شیلادزێ.. شەش ڕۆژە سێ هاوڵاتی چارەنووسیان نادیارە

ماوەی شەش ڕۆژە سێ هاوڵاتیی ناحیەی شێلادزێ بۆ ڕاوەماسی چوونەتە دەرەوەی ناحیەكە، بەڵام بەوتەی كەسوكارەكانیان تائێستا چارەنووسیان نادیارە.

یوسف ئیبراهیم، برای یەکێک لەو هاوڵاتیانە بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “ڕۆژی 9ی ئەم مانگە براکەم لەگەڵ دوو هاوڕێی خۆی لە کۆمەڵگای سیریێ سەربە ناحیەی شێلادزێ-وە بەرەو گوندی سیدان لە دەڤەری نێروە و ڕێکان ڕۆیشتوون بەمەبەستی ڕاوەماسی، بەڵام لەو ڕۆژەوە تائێستا چارەنووسیان نازانین، لەکاتێدا ئەوان بە ئێمەیان وتبوو، ڕوژی دواتر دەگەڕێینەوە ماڵەوە”.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو شوێنەی کە ئەو سێ كەسە ڕوویان لێکردووە شەپۆلی تەلەفۆنی تێدا نیە، هەروەها بەهۆی شەڕی نێوان سوپای تورکیا و پەکەکەوە، ئەو ناوچەیە شوێنێکی قەدەغەکراوە بۆ سەردانیکردنی هاوڵاتییانی سڤیلی ناوچەکە، بۆیە ئێمەش لایەنەکانی ئیداریی ناحیەی شێلادزێ و قەزای ئامێدیمان ئاگادارکردووەتەوە بۆ زانینی چارەنووسیان.

هاوكات ڕزگار عوبەید، بەڕێوەبەری ناحیەی شێلادزێ بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “وەکو ئیدارەی خوجێیی هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئاشکراکردنی چارەنووسی ئەو سێ هاوڵاتییە”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، ئەو شوێنەی ئەو سێ هاوڵاتییە بۆ ڕاوەماسی سەردانیانکردووە قەدەغەکراوە، داواش لە هاوڵاتییانی ناوچەکە دەکات بۆ سەلامەتیی گیانیان سەردانی ئەو ناوچانە نەکەن.

بابەتی پێشتر

مالمۆ 0-3 یوڤانتۆس

بابەتی دواتر

هەواڵگریی ئەمریکا: گروپە تیرۆریستییەکانی عێراق ترسناکترن وەک لە مەترسییەکانی ئەفغانستان

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share