عێراق چەندەمین وڵات دەبێت بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل؟

ئاڵای ئیسرائیل و عێراق بە زمانی ئینگلیزی و عیبری فۆتۆ: تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

به‌ نێوه‌ندگیریی ئەمریکا، ئیسرائیل لەگەڵ چەندین وڵاتی عەرەبی ناوچەکە ڕێککەوتووه‌ کە پەیوەندییەکانیان ئاسایی بکەنەوە و کۆتایی بەو گرێیه‌ بهێنن کە 72 ساڵە لەگه‌ڵ ئه‌و وڵاته‌ هه‌یانه‌، ڕه‌نگه‌ عێراقیش په‌لكێشی ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ بكرێت.

ئێستا ئیمارات و بەحرێن و سودان دەستیان کردووە بە ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل و سەرقاڵی ڕێکخستنەوەی پەیوەندییە دیبلۆماتی و ئابوری و بازرگانییەکانیانن لەگەڵ ئەو وڵاتە.

لە سەرەتای دروسبوونی ئیسرائیلەوە لە ساڵی 1948ەوە هیچ وڵاتێکی عەرەبی نەبوو دان بەم کیانەدا بنێت کە لەناو دڵی وڵاتە عەرەبییەکان و لە شوێنێکی پیرۆزی ئاینی ئیسلامدا دروست کرا، بەڵام دوای 72 ساڵ ئێستا وڵاتانی عەرەبی و موسڵمان بە هاوکاریی ئەمریکا پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی دەکەنەوە.

بۆ عێراق هاوكێشەکە چۆنە؟
بۆ یەکەمجار لە دوای دەستپێکردنی هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ ڕازیکردنی وڵاتان تا پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بکەنەوە، عێراقیش ئەم پرسەی بەگوێدا درا.

لەکاتی سەردانی شاندی عێراقی بۆ ئەوروپا ئەم پرسە لەگەڵ لایەنی عێراقی باسکرا، هەفتەی ڕابردوو لە پاریس كۆبوونەوەی عێراق و ئیسرائیل بەڕێووە چوو، ئەنجامی كۆبوونەوەكە گرنگ و ئەرێنی بووە.

ڕەنگە عێراق لە ئێستادا هیچ تێبینییەکی لەسەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل نەبێت و بگرە بۆ ئەم قۆناغەی باشبێت، بەڵام شاندەکەی عێراق بە ڕوونی ڕایانگەیاندووە، لە ئێستادا ئامادەنین بە ئاشکرا پەیوەندیان لەگەڵ ئیسرائیل هەبێت، چونکە لە جێگەی باشترکردنی دۆخی عێراق ئاڵۆزتری دەکات.

ڕێگرییەکان چین؟
ڕێگری سەرەکی شەقامی شیعییە کە لەدوای 2003 وە بەردەوام دروشم لە دژی ئیسرائیل دەڵێنەوە و بەشێک لەو گروپانەش لەژێر هەژموونی ئێراندا هەزاران جار ئاڵای ئیسرائیلیان سوتاندووە و هەڕەشەیان کردووە، لە ئێستادا ئەگەر عێراق پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بکاتەوە ئەم گروپانە پشێوی گەورە دەنێننەوە.

ئەوەی کە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی هێندەی تر ئەستەم کردووە پەیوەستە بە عەلی سیستانی گەورە مەرجەعی شیعەکانی عێراق کە فتوای ئەو دەتوانێت لەسەر بەری هاوکێشەکانی عێراق بە چەند خولەکێک هەڵگێڕێتەوە.

هەفتەیەک پێش ئێستا فه‌توایەک لە نوسینگەی سیستانییەوە دەرکرا سەبارەت بە کڕینی بەرهەمی ئیسرائیلی یاخود لایەنێك كە پشتیوانیی ئیسرائیل بكات و ئاماژە بەوە کراوە کە ئەو كارە ڕێگەپێدراو نییە.

ئەم فەتوایەی عەلی سیستانی بەسە بۆئەوەی عێراق بە ئیسرائیل و ئەمریکا بڵێت لە ئێستادا ئامادە نییە دەست بۆ ئەم پرسە ببات.

 

بابەتی پێشتر

ئەمریکا چەند هێرشێکی ئاسمانی لە سوریا ئەنجامدا

بابەتی دواتر

بەهۆی ترس لە بڵاوبوونەوەی زۆری کۆرۆنا نەوت 2%ی نرخەکەی لەدەستدا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share