ژنێك زیاتر لە 40 ساڵە نەنووستووە

ژنێكی چینی دەڵێت، “زیاتر لە 40 ساڵە نەنووستووم”، پزیشكەكانیش چاودێری دەكەن و “ئەنجامێكی سەیر” ئاشكرادەكەن.

لی زانینگ، ژنێكی دانیشتووی خۆرهەڵاتی چینە، لێدوانی بۆ میدیا داوە و وتویەتی، “زیاتر لە 40 ساڵە نەنووستووم”.

ئەو ژنە ڕایگەیاندووە، لە تەمەنی پێنج ساڵییەوە چاوەكانی لێكنەناون و زیاتر لە 40 ساڵە بێدارە. هاوسەرەكەی لی و دراوسێكانی قسەكانیان پشتڕاستكردووەتەوە و جەختیانكردووەتەوە كە دۆخێكی نامۆی هەیە و چەندین ساڵە نەخەوتووە.

دراوسێكانی لێدوانیان بۆ دەزگاكانی میدیا داوە و دەڵێن، “بڕوامان نەدەكرد ڕاستبڵێت، بۆیە بڕیارماندا چاودێری بكەین، چەندین ڕۆژ و شەو بە نۆرە بەدیارییەوە دانیشتین و بۆماندەركەوت ئەو ژنە ڕاستگۆیە و بەڕاستی ناخەوێت”.

وەك ڕۆژنامەی “زە سەن”ی بەریتانی بڵاویكردووەتەوە، لە سەرەتای هاوسەرگیرییاندا، هاوسەرەكەی لی هەوڵیداوە یارمەتیی هاوژینەكەی بدات و حەبی خەوی بۆ بردووە، بەڵام هیچ لە دۆخەكەی نەگۆڕیوە و لی بە بێداری ماوەتەوە”.

بۆ چارەسەركردنی دۆخەكەی، لی پەنای بردووەتەبەر ناوەندێكی چارەسەركردنی بێداری لە پەكین، بەڵام پسپۆڕان دەستەوەستان بوون و نەیانتوانیوە یارمەتی بدەن، سەرئەنجام ژمارەیەك پزیشك ئەو ژنەیان خستووەتەژێر توێژینەوەوە و بۆیاندەركەوتووە كە لی دەخەوێت، بەڵام بەشێوەیەكی سەیر و وەك مرۆڤێكی ئاسایی نا.

پزیشكەكان دەڵێن، “لی دەتوانێت بەدەم كاركردن و قسەكردنەوە بخەوێت، بۆ نموونە كاتێك قسە لەگەڵ هاوسەرەكەیدا دەكات خەودەیباتەوە بەبێ ئەوەی ڕابكشێت و تەنانەت لە قسەكردن داببڕێت یاخود چاوەكانی بنووقێنێت”.

بابەتی پێشتر

حکومەتی هەرێم: زۆرینەی ئاوارە و پەنابەران لە دەرەوەی کامپەکان دەژین

بابەتی دواتر

تاڵیبان: ئەمارەتی ئیسلامی هەنگاوی جددی لەبواری مافی مرۆڤدا دەهاوێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share