كۆرۆنا ناوەندی تەمەنی لە ئیتاڵیا كەمكردوەتەوە

بڕی 1.2 ساڵ، بەراورد بە پێش بڵاوبوونەوەی پەتاكە كەمیكردووە

پەتای كۆرۆنا ناوەندی تەمەنی پێشبینیكراوی لە ئیتاڵیا بە 1.2 ساڵ لە 2020دا كەمكردووەتەوە، بە چوار ساڵیش لە هەندێك ناوچەی زیاتر زەرەرمەندی وڵاتەكە، وەك ئەوەی پەیمانگای نیشتمانیی ئامار بڵاویكردوەتەوە.

پەیمانگاكە لە بەیاننامەیەكدا دەڵێت، “لە ساڵی 2020دا، بڵاوبوونەوەی پەتای كۆڤید 19 و ئەوەی لێیكەوتەوە لە بەرزبوونەوەی بەرچاوی مەترسی مردن بووە هۆی وەستانی لەناكاوی گەشەی ناوەندی تەمەنی پێشبینیكراو كە تا ساڵی 2019 بەردەوام بوو، ئەمەش بووە هۆی كەمبوونەوە بە بڕی 1.2 ساڵ، بەراورد بە ساڵی پێشتری”.

لە ساڵی 2020دا ناوەندی تەمەنی پێشبینیكراو گەیشتە 82 ساڵ: 79.7 بۆ پیاوان و 84.4 بۆ ژنان، بەرامبەر 81 و 85.3 لە ساڵی 2019دا.

جیاوازییەكە بەشێوەیەكی بەرچاو بەپێی ناوچەكان دەگۆڕێت. لە هەردوو شاری بیرگامۆ و كریمۆنا (باكوور)، كە زۆرترین زەرەرمەندی پەتاكەن لە ئیتاڵیا، ناوەندی تەمەن لە پیاواندا بۆ 4.3 و 4.5 ساڵ لە تەمەنی پێشبینیكراو كەمبووەوە، لە ژنانیشدا كەمبوونەوەكە بە بڕی 3.2 و 2.9 بوو.

لە بەرامبەردا، دابەزینی ناوەندی تەمەنی پێشبینیكراو كەمتربوو لە فۆجیا (باشوور) و ئینا لە سقلییە (-1.7 و -1.5 لەسەر یەك).

تەنها لە سیینا (ناوەندی ئیتاڵیا) هیچ گۆڕانكارییەك تۆمارنەكراوە (83.7 ساڵ).

پەتاكە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی 129 هەزار و 515 كەس لە ئیتاڵیا، نیوەیان لە ناوچەكانی باكوورن (لۆمباردی، بیدمۆنت، لیگۆریا، ئەومبریا و ڤینیتۆ) كە تەنها 36%ی دانیشتوانی ئیتاڵیا تیای دەژین كە كۆی ژمارەیان 60 ملیۆن كەسە.

ئیتاڵیا بە یەكەم وڵاتی ئەوروپی دادەنرێت كە لە شوباتی 2020 پەتاكەی تیادەركەوت، بەخێرایی ڤایرۆسەكە لە لۆمباردی بڵاوبووەوە، ناوەندی ئابوریی وڵات كە بۆماوەیەك بووە مۆڵگەی پەتا جیهانییەكە.

تائێستا زیاتر لە 79 ملیۆن ژەم ڤاكسین دراوە و كوتان بۆ 71.65%ی ئەوانەی تەمەنیان لە 12 ساڵ زیاترە كراوە، بەپێی دوایین ئاماری حكومی كە ئەمڕۆ بڵاوكرایەوە.

س: ئەلحوڕە

بابەتی پێشتر

سائیرون سێ پەرلەمانتاری خۆی دوورخستەوە

بابەتی دواتر

بافڵ تاڵەبانی بۆ پێشمەرگە دێرینەکان: حەقی ئەوەتان بەسەرمانەوە هەیە خزمەتتان بکەین

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share