ئەنجومەنی وەزیران بۆ بەنزین كۆبووەوە و لەبارەی سیمكارتەوە بڕیاریدا

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، بڕیاریدا به‌ دابینكردنی ئاوی پاك و نه‌وتی سپی بۆ هاوڵاتییان، كێشه‌ی به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی به‌نزین و گرانبوونی نان و كردنه‌وه‌ی ده‌رگای قوتابخانه‌كان به‌ ڕێكاریی ته‌ندروستیی-شیان تاوتوێكرد.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان كۆبووەوە، به‌ پێی ڕاگه‌یه‌ندراوی كۆبوونه‌وه‌كەش‌، لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، ئاماژەی بە سەردانی سەرۆکی فەرەنسا ئیمانوێل ماکڕۆن کرد بۆ هەرێمی کوردستان، “بە سەردانێکی گرنگ و مێژوویی ناوبرد، کە دووپاتکردنەوەی گرنگیدانی فەڕەنسایە بە پەیوەندیی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و نیشانەی پێگەی بەهێزی هەرێمی کوردستانە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا”.

لە بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابوری و ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، تیشکیان خستە سەر میکانیزمی جێبەجێکردنی بڕیاری دوا کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بۆ دابینکردنی نەوتی سپی بۆ هاوڵاتییان لە وەرزی سەرما، هەروەها چارەسەرکردنی کێشەی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین بە ڕەچاوکردنی تەندروستی و ژیانی هاوڵاتییان و بەرگرتن لە هێنانی سوتەمەنیی کوالێتی خراپ بۆ ناو هەرێم.

هەروەها هەوڵەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق خرایەڕوو بۆ ناردنی بەنزینی ئۆکتان بەرز و نەوتی سپی بۆ هەرێمی کوردستان، کە بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەكە، “ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد، ڕێکاری پێویست وەربگرن بۆ پشتیوانیی کارکردن و دڵنیابوون لە کوالێتی ئاردی هاوردەکراو لە ڕووی خۆراکی و تەندروستییەوە، بۆ ئەم مەبەستەش، ئەنجومەنی وەزیران، بڕیاریدا لیژنەیەک پێکبهێنرێت بۆ بەدواداچوونی ئەم بابەتە و وەرگرتنی ڕێکاری قانونی بەرامبەر سەرپێچیکاران”.

لە بڕگەی کۆتایی کۆبوونەوەکەدا ، ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، پڕۆژە و هەنگاوەکانی وەزارەتەکانیان بۆ دابینکردنی ئاوی پاک بۆ هاووڵاتییان خستەڕوو، بە تایبەتی لە بواری پاراستنی ئاوی ژێرزەوی و بەرگرتن لە زیادبوونی دابەزینی ئاستیان و سوودوەرگرتن لە سەرچاوەکانی ئاوی سەرزەوی لە ڕێگای تەواوکردنی پڕۆژەی بەنداو و پۆندەکان بۆ گلدانەوەی ئاو و دابینکردنی بودجەی بەکاربردنی پێویست بۆ بەڕێوەبەرایەتی ئاوی شارەکان.

دواتر ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردە و سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی باسیان لە ئامادەکاریی و ڕێکارەکانی خۆپارێزیی کردنەوەی قوتابخانەکان و دەسپێکی ساڵیی نوێی خوێندنی 2021-2022 بە ئاراستەی زیادکردنی سەنتەرەکانی پێدانی ڤاکسین بە مامۆستایانی پەروەردە ومامۆستا وقوتابی و فێرخوازانی زانکۆ و پەیمانگاکان، ئەنجومەن وەزیران جەختی کردەوە لەسەر جێبەجێکردنی بەرنامەی گرنگیدان وبرەودان بە پەروەردە و فێرکردن و مامۆستایان کە خوڵقێنەری نەوەیەکی خوێندەوار و تەندروست وڕۆشنبیرن بە ڕەچاوکردنی پاراستنی ژیان وتەندروستیشیان.

لەکۆتاییدا ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن و وەزارەتی ناوخۆی ڕاسپارد بۆ وەرگرتنی ڕێکاریی پێویست بۆ قەدەغەکردنی مامەڵەکردن بە سیمکارتی مۆبایلی بێفۆڕم و بەرایی، بە شێوەیەک پێویستە لەمەودوا تەواوی زانیاری کڕیارانی سیمکارت دیاربێت، هەموو ئەو سیمکارتانەش ڕابگیرێن کە بێفۆڕمن، بۆ ئەم مەبەستە، پێویستە کۆمپانیاکانی مۆبایل پابەندبن و وەزارەتی ناوخۆ ڕاسپێردرا ڕێکار بەرامبەر ئەو سەرپێچیکارانە بگرێتەبەر، کە ئامێرەکانی پەیوەندیکردن بەشێوەیەکی خراپ بەکاردەهێنن.

بابەتی پێشتر

سەرۆکی لالیگا بۆ پاریس: ئێوە و سوپەرلیگ جیاوازیتان چییە؟!

بابەتی دواتر

عەلی حەمەساڵح لەبارەی داگیركردنی زەوییەوە: بە مۆری دژەتیرۆر و هاوكاریی بەڕێوەبەری ناحیە كراوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
1
Share