پەرلەمانتارێك: زیاتر لە 200 بەنزینخانە بەبێ مۆڵەتی فەرمی کاردەکەن

ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، لە کوردستان زیاتر لە 200 بەنزینخانە بەبێ مۆڵەتی فەرمی کاردەکەن، زۆرینەشیان بەرپرسانی حزبەکانی دەسەڵاتیان لە پشتە.

عومەر گوڵپی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە نووسینێكدا كە لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك بڵاویكردووەتەوە نووسیویەتی، “بۆ بەدواداچونی پرسی بەنزین و بەنزینخانەکان زیاتر لە شەش مانگە کاردەکەم، زیاتر لە 200 بەنزینخانەی قەبارە جیاواز، بەبێ بوونی مۆڵەتی حکومەت، لە کوردستان کاردەکەن، زیاتر لە نیوەی ئەمانەش تەنها لە سنووری پارێزگای دهۆکن و ئەوانی تریش دابەشبوون بەسەر پارێزگاکانی سلێمانی و هەولێر و هەڵەبجە و ئیدارەکانی ڕاپەڕین و گەرمیان”.

ڕوونیشیكردووەتەوە، “ئەم وێستگانەی سوتەمەنی، بێجگە لە نەبوونی مۆڵەت یەک دینار باج بە حکومەتیش نادەن، هەروەها هەندێکیان پابەندی مەرجەکانی سەلامەتی و ژینگەش نین.”

گوڵپی باسی لەوەشکردوە، “زۆرینەی بەنزینخانەکان حزبەکانی دەسەڵات و بەرپرسانیان لەپشتن، ئەگەرنا هاوڵاتییەکی ئاسایی ناتوانێت بڕە پارەیەکی زۆر لە دروستکردنی بەنزینخانەیەک خەرج بکات و مۆڵەتیشی نەبێت، کە دروستکردنی هەر بەنزینخانەیەک نزیکەی 60 هەزار تا یەک ملیۆن دۆلار و زیاتر تێچوویەتی بەپێی قەبارەی کۆگا و پەمپ و دیزاینەکەی”.

بەوتەی ئەو پەرلەمانتارە، “مۆڵەتی بەنزینخانە، پڕکراوە لە ڕۆتینێکی کوشندە، کە مامەڵەکەی 14 فەرمانگەی دەوێت و زیاتر لە دوو ساڵیشی پێویستە تا مۆڵەتەکە تەواو دەبێت، هاوڵاتی هەیە زیاتر لە دوو ساڵە تا ئێستا وەڵامی داواکەی نەدراوەتەوە، بەڵام ئەوانەی دەستی حزب و بەرپرسانی هەردوو حزبی دەسەڵاتیان لەپشتن، پێویستیان بەو چاوەڕوانیە نییە، تەنانەت بەبێ مۆڵەتیش کاردەکەن، دروستکردنی ئەو ڕۆتینە کوشندەیەش تەنها بۆ ئەوەیە کە ژمارەی بەنزینخانە کەمتربێت و قۆرخکاریی زیاتری تێدا بکرێت”.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، “بەهۆی ئەم دۆخە خراپەی ئیدارەدان و گەندەڵییەوە، ژمارەیەک بەنزینخانە، چ ئەوانەی مۆڵەتیان هەیە و چ ئەوانەی نیانە، بەبێ ڕەچاوکردنی تەواوی مەرجەکانی سەلامەتی و ستانداردەکان کاردەکەن، ئەگەری مەترسیشیان لەسەر ژیانی هاوڵاتییان هەیە، لەم بابەتەدا تەنانەت ڕەچاوی ژیانی منداڵان و قوتابخانەش نەکراوە، لە هەندێک حاڵەتیش شارەوانییەکان زەوی تەرخانکراو بۆ سەوزاییان گۆڕیوە بۆ بەنزینخانە”.

بابەتی پێشتر

تەندەری پاركی هەواری شار دواكەوت<br> دوای سێ مانگ ئاودانی سەوزاییەكانی سلێمانی دەستیپێكرد

بابەتی دواتر

كه‌جه‌كه: تەقینەوەكەی قادیا بەهۆی بۆردومانی توركیا بووە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share