ناردنی بەنزین لە كەركوكەوە بۆ هەرێم ڕەتدەكرێتەوە

وەزیری سامانە سروشتییەكان ڕایدەگەیەنێت، لەمشەوەوە یەك ملیۆن لیتر بەنزین لە كەركوكەوە ڕەوانەی هەرێم دەكرێت و بەرپرسێكی سوتەمەنی لە كەركوك دەڵێت، شارەكە توانای ناردنی ئەو بڕەی نییە.

سەرچاوەیەكی بەرپرس لە بەڕێوەبەرایەتی دابەشكردنی سوتەمەنی لە كەركوك بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕایگەیاند، تائێستا ئاگاداری هیچ بڕیارێك نین لەبارەی ناردنی بەنزین لە كەركوكەوە بۆ هەرێمی كوردستان.

وتیشی، “پشكی شارەكە لە بەنزین یەك ملیۆن و 300 هەزار لیترە، بۆیە لەتوانادا نییە یەك ملیۆن لیتر ڕەوانەی هیچ شوێنێكی دیكە بكات”.

بەپێی ئەو سەرچاوەیە، كە نەیویست ناوی ئاشكرابكرێت، ئەگەر بڕیاربێت لە كەركوكەوە سوتەمەنی ڕەوانەی هەرێم بكرێت، دەشێت نەوتی خاو بێت، تا لەلایەن پاڵاوگەكانی هەرێم (قەیوان و كار)ەوە بپاڵێورێت و بكرێتە بەنزین بۆ ناوخۆی هەرێم و ئەمەیان ڕێی تێدەچێت.

لەكاتێكی پێشتری ئەمڕۆدا کەمال ئەتروشی، وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بە فەرمانی وەزیری نەوتی عێراق، لە ئەمشەوەوە پرۆسەی ناردنی بڕی یەک ملیۆن لیتر بەنزین بۆ هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات و بۆ ئەو مەبەستەش بەڕێوەبەری دابەشکردنی سوتەمەنی کەرکوک ڕاسپێردراوە.

کەمال ئەتروشی لە لێدوانێكدا بۆ كەناڵی ڕووداو وتی، “بەنزینەکە بە تانکەر لە کەرکوکەوە دەنێردرێتە هەرێمی کوردستان و بەشێوەیەکی یەکسان بەسەر پارێزگاکاندا دابەشدەکرێت”.

چوارشەممەی هەفتەی ڕابردوو وەزیری سامانە سروشتییەکان ڕایگەیاند، لە 23ی ئابەوە یەک ملیۆن لیتر بەنزین لە بەغدادەوە دێت.

ئەوەشی وت، هاتنی ئەو بڕە بەنزینە “وادەکات کوالێتیی بەنزینەکەمان باش ببێت و نرخەکەشی دەبێت بە 650 دینار بە کوالێتییەکی باش و لە هەموو کوردستان بەو نرخە دەبێت”. (دوو ڕۆژ بەسەر ئەو وادەیەدا تێپەڕی بەبێ ئەوەی نرخی بەنزین داببەزێت).

لەبەرامبەر ئەو لێدوانەدا هەر ئەوكات عەلی حەمەساڵح، سەرۆكی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەكانی پەرلەمانی كوردستان بڵاویكردەوە، “من وای نابینم و لێکۆڵینەوەم کردووە. گرفتەکە لە بڕی بەرھەمھێناندایە”.

“ئێستا حکومەت نزیکەی ملیۆنێک لیتر بەنزینی ھەیە و 16٪‏ی پێداویستيی خەڵک دابیندەکات بە 620 دینار دەیداتە سەن ئۆیڵ و کورد نەفت، ئەوانیش لە بەنزیخانەکانی خۆیان دەیدەن بە 660 و بەوانی دیکەی دەفرۆشنە 800 دینار” عەلی حەمەساڵح وایوت.

ڕونیشیكردەوە، “چارەسەر ئەوەیە بڕی پاڵاوتن لە بازیان و کەڵەک زیادبکەن کە توانای پاڵاوتنیان 215 ھەزار بەرمیلە و پێداویستيی ناوخۆ بەزیادەوە دابیندەکات! تائێستاش ئەم قەرارە نیە!”.

دوێنێش چوار پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی هیوا لە ڕاگەیەنراوێكی هاوبەشدا ڕایانگەیاند، پاش ئەوەی لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ بەشێوەی فەرمی داوامان لە وەزیری نەوتی عێراق کرد بۆ هاوکاریکردنی هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی بەنزین. پاشان لەگەڵ مەترسی بەرزبونەوەی بەنزین هەوڵەکانمان چڕکردەوە و لۆبییەکی بەهێزمان دەستپێکرد تا بەنزینی بەرهەمهێنراوی پاڵاوگەکانی عێراق بگاتە بازارەکانی کوردستانیش بە هەمان نرخ.

دەشڵێن، “سەرەنجام لێکتێگەیشتنمان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراقی بەوە گەشت کە حکومەتی عێراق بە هەماهەنگی پارێزگاکانی هەرێم بەپێی پێویستی پارێزگاکانی هەرێم بەنزین دابەشبکات بە نرخی (450) دینار، تا ڕێگربێت لە بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین لە بەنزینخانە ئەهلیەکانی کوردستان”.

پەرلەمانتاران (ئەحمەد حاجی ڕەشید، سەرکەوت شەمسەدین، ڕێبوار کەریم و غالب محەمەد) ئاماژەدەن، بەڵام ئێستا لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە گرفت دروستکراوە و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە بەرژەوەندی چەند کۆمپانیایەک سودی لەم هەنگاوەی عێراق وەرگرتووە و دەیەوێت بەنرخی (650) دینار بەنزینەکە بفرۆشێت، ئەمەش مەترسییەکی سەرەکییە لەسەر ناردنی بەنزین لە عێراقەوە.

بابەتی پێشتر

به‌ژماره‌.. زیانه‌ گیانی و ماددییه‌كانی جه‌نگی 20 ساڵه‌ی ئه‌فغانستان

بابەتی دواتر

پەرلەمانی ئێران متمانەی بە كابینەكەی ڕەئیسی بەخشی

بابەتی پەیوەندیدار
Total
1
Share