هەفتەی داهاتوو پەرلەمان و سامانە سروشتییەكان لەبارەی نرخی بەنزینەوە کۆدەبنەوە

نرخی بەنزین لە بەنزینخانەکانی هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە بەرزبوونەوە و پەرلەمانیش کێشەکە بۆ هاوردەی دەرەوە دەگەڕێنێتەوە، بڕیارە هەفتەی داهاتوو لیژنەی تایبەتمەندی پەرلەمان لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان پرسەکە تاوتوێبکەن.

نرخی ئەمڕۆی لیترێک بەنزینی نۆرماڵ 850 دینارە، لەبارەی هۆکاری گرانبوونی بەردەوامی بەنزین و چارەسەری ئەو کێشەیەوە، بڕیارە سەرەتای هەفتەی داهاتوو لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکانی پەرلەمان لەگەڵ وەزاەرتی سامانە سروشتییەكان کۆببێتەوە.

عەلی حەمەساڵح سەرۆکی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، حکومەت پرسەکەی داوەتە دەست بازرگانەکان، تاکاتێک پشت بە هاوردەکردنی بەنزین لەدەرەوە ببەسترێت، گرانیی بەنزین بەردەوام دەبێت، چونکە چەندین کۆمپانیا بەناوی جیاجیاوە پارە لەو بەنزینە هاوردەکراوانە وەردەگرن، ئەمەش هەمووی دەچێتەوە سەر نرخی بەنزینەکە و گرانی دەکات.

هەرێمی کوردستان ڕۆژانە پێویستی بە بڕی شەش ملیۆن و 500 هەزار لیتر بەنزین هەیە بۆ پڕکردنەوەی پێداویستيی ناوخۆ، لەو بڕە ڕێژەی 60%ی لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان هاوردە دەکرێت و تەنها 40%ی بەرهەمی ناوخۆیە.

عەلی حەمەساڵح ڕایگەیاند، ئەگەر حکومەت پاڵپشتیی پاڵاوگەکانی ناوخۆ بکات دەتوانن پێداویستیی بەنزین پڕبکەنەوە و پێویست بە هاوردەکردن ناکات، ئەوکاتە ئەو پارەیەی دەدرێت بە گومرگ و کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنان و گواستنەوە، لەناوخۆی هەرێم دەمێنێتەوە و قازانجەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ حکومەت، بۆیە پاڵاوگە ناوخۆییەکان تەنها چارەسەرن بۆ ئەو کێشەیە، ڕەتیشیکردەوە کەمکردنەوەی گومرگی سەر هاوردەکردنی بەنزین چارەسەری کێشەکە بکات.

سەرۆکی لیژنەی وزەی پەرلەمان ئاماژەی بۆئەوەکرد، لە هەفتەی داهاتوودا وەکو لیژنەی پەیوەندیداری پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان تایبەت بەو پرسە کۆدەبنەوە و وتی، “پێشنیار و چارەسەرەکان دەخەینە بەردەم وەزارەت”.

لای خۆیەوە و لەبارەی ئەگەری دابەزینی نرخی بەنزین، شێرکۆ جەودەت ئەندامی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکان بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “کێشەکە بەردەوام دەبێت تا کاتێک حکومەت سوتەمەنيی پێویست بۆ پاڵاوگە خۆماڵییەکان دابیندەکات، ئێمە وەکو لیژنەی وزە پێشنیازەکانی خۆمان بۆ چارەسەری کێشەی بەنزین چەندین جار داوەتە حکومەت و بڕیاری چارەسەر دەبێت ئەوان بیدەن”.

بابەتی پێشتر

فەرمی.. لوکاتێلی لە تۆرینۆ سەرکەوتوبوو

بابەتی دواتر

دادگای كەركوك / گەرمیان سزای لەسێدارەدانی بۆ داعشییەكی ئۆزبەكی دەركرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share