پەرلەمانتارێك هۆشداری دەدات: ئاو دەبێتە گەورەترین گرفت لە ھەرێمی کوردستان

ئاوی ژێر زەوی موڵکی گشتیە، ئایا دەکرێت ھەر کەسێک چەند بیری ویست و بەھەر قوڵیەک، بیر لێبدات؟

پەرلەمانتارێك ڕایدەگەیەنێت، ھەموو ماڵێک لە گەڕەکەکاندا ناچاردەکرێت پێوەری ئاو ببەستێت، بەڵام لە نێو پڕۆژەكانی نیشتەجێبووندا پێوەری ئاوی نییە و هۆشداریشدەدات لەوەی، “ئاو دەبێتە گەورەترین گرفت لە ھەرێمی کوردستان”.

عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند، چەند ساڵێکە پرۆژەی تاوەرەکانی نیشتەجێبون و ڤێلاکان، بەخێرایەکی زۆر زیادیکردووە، ھەندێک پێیانوایە سیمایەکی جوانی بە ھەولێر بەخشیوە، “بەبێ وردبوونەوە چ کارەساتێک لە ژێرەوە بەڕێوەیە”.

دەشڵێت، “ئەم پرۆژانە گرفتی ئاویان نیە، بەشێکی زۆریان ئاوی بەردەوامیان ھەیە، بەڵام دابینکردنی ئەم ئاوە کارەساتێکی لە پشتە” ڕونیشیدەكاتەوە، “خاوەنی ئەم پرۆژانە سەرقاڵی فرۆشتنی ئاوی ژێر زەوین! لەژێر چەتری پارەی خزمەتگوزاری پارەی ئاو لە بەشداربووان وەردەگرن و ھیچ بڕە پارەیەک نادەن بە حکومەت”.

پرسیاری ئەوەشدەكات، ئاوی ژێر زەوی موڵکی گشتییە، ئایا دەکرێت ھەر کەسێک چەند بیری ویست و بەھەر قوڵیەک، بیر لێبدات؟

“ھەموو ماڵێک لە گەڕەکەکاندا ناچاردەکرێت پێوەری ئاو ببەستێت، بەڵام لە نێو ئەم پرۆژانەدا پێوەری ئاویان نیە!” عەلی حەمەساڵح ئاماژەی پێدەدات و دەشڵێت، لەتەنیشت وشکەساڵی، ئەم بیرانە ھۆکارێکی سەرەکیە بۆ وشکبوونی سەدان بیر و کەمبوونی ئاوی ژێر زەوی، بەجۆرێک قوڵایی بیر لە سنووری ھەولێر گەیشتوەتە نزیکەی 600 مەتر.

هۆشداری ئەوەشدەدات كە ئەگەر سیستمی دابینکردنی ئاو و پرۆسەی دابەشکردنی بەمشێوە بەردەوام بێت، گرفتی ئاو دەبێتە گەورەترین گرفت لە ھەرێمی کوردستان.

دەربارەی چارەسەریش ئەو پەرلەمانتارە پێیوایە لەبری پشتبەستن بە بیری ئاو، پێویستە سود لە ئاوی سەرزەوی وەربگیرێت لە ڕێگای بەنداوەکانەوە، هەروەها پێویستە پرۆژەکانی نیشتەجێبوون بە تۆڕی گشتیی ئاوەوە ببەسترێنەوە و ھەمان سیستمی گشتییان بەسەردا جێبەجێبکرێت.

بابەتی پێشتر

ئەمریکا لێکۆڵینەوە لە کۆمپانیای تێسلا دەکات

بابەتی دواتر

كازمی سەردانی گوندی كۆجۆی كرد

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

پلەكانی گەرما بەرزدەبنەوە

بەڕێوەبەرایەتیی كەشناسی و بومەلەرزەزانیی هەرێم، پێشبینییەكانی كەشوهەوا بۆ ئەمڕۆ و سبەینێ بڵاودەكاتەوە و پلەكانی گەرماش بەرزدەبنەوە. بەپێی راگەیەندراوێكی…
Total
0
Share