ڕوسیا: ئەمریکا بۆ هەموو تۆمەتێک دەست بۆ ئێمە ڕادەکێشێت

Two powers

باڵیۆزی ڕوسیا لە واشنتن ڕایگەیاند، ئەمریکا هیچ بەڵگەیەکی نییە لەسەر ئەوەی مۆسکۆ دەستوەردانی کردبێت لەکاروباری ئەمریکادا، بەڵام ئەو جۆرە تۆمەتانە بەردەوامن و ئەمریکا بۆ هەمووشتێک ڕوسیا تۆمەتبار دەکات.

ئاناتۆلی ئەنتۆنۆف باڵیۆزی ڕوسیا لە واشنتۆن لە وەڵامی ڕاپۆرتی وەزارەتی ناوخۆی ئەمریکا، کە ڕوسیای تۆمەتبارکردووە بە پێدانی زانیاریی ناڕوون و ناڕاست لەبارەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە دەڵێت، “هەندێک لەبەرپرسانی ئەمریکا دەیانەوێت جیهان لە کێشە ناوخۆییەکانی وڵاتەکەیانەوە تێوەگلێنن، بۆ کێشەکانیان باس لە دوژمنی دەرەکی دەکەن و هەمیشە بۆ ئەو مەبەستەش ناوی وڵاتەکەمان دەهێنن، ڕوسیا تۆمەتبار دەکەن بە هەوڵی تێکدانی کۆمەڵگای ئەمریکی، جەنگی زانیاریی ناڕاست دژی ڤاکسینە ئەمریکییەکانی کۆرۆنا، تەنانەت بەکارنەهێنانی ماسکیش لە ئەمریکا، بەجۆرێک بۆ هەموو شتێک لۆمەی ڕوسیا دەکەن”.

باڵیۆزی ڕوسیا ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، ئەمریکا هیچ بەڵگەیەکی بۆ ئەو تۆمەتانەی دەیداتە پاڵ مۆسکۆ نییە، ئەوەی هەیە تەنها ترسێکی گەورەی کۆمەڵگەی ئەمریکییە لە ڕوسیا.

جەختیکردەوە، ڕوسیا پەیوەستە بەو بنەمایەی دەستوەردان ناکات لە کاروباری ناوخۆیی هیچ وڵاتێکی دیکەدا، هەموو ئەو تۆمەتانەش ڕەتدەکاتەوە کە سەبارەت بە هەوڵی دروستکردنی کاریگەری لەسەر دۆخی سیاسیی ئەمریکا دەدرێتەپاڵی.

وتیشی، ئامادەی بونیادنانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتین لەسەر بنەمای پەیوەندییەکی پیشەیی و ڕاستی و پاراستنی بەرژەوەندیی هەردوولا.

بابەتی پێشتر

تاڵیبان لە كابوڵ نزیكدەبێتەوە

بابەتی دواتر

گەرمیان.. بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە دوو برا برینداربوون

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share