گەرمیان.. تۆمەتبارانی دزینی 15 دەفتەر دۆلاری کۆمپانیایەک دەستگیرکران

لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی گەرمیان و بە هەماهەنگی لەگەڵ پۆلیسی ڕزگاری، ئەو دوو تۆمەتبارە دەستگیرکران، کە لە هەفتەی ڕابردوودا زیاتر لە 150 هەزار دۆلاری کۆمپانیایەکیان لە ناحیەی ڕزگاری دزیبوو.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا عوسمان عەبدولکەریم وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی گەرمیان ڕایگەیاند، دوای بەدواداچوونی تەواو و کۆکردنەوەی بەڵگەکان لەلایەن ئاسایشی گەرمیان و بە هاوکاریی پۆلیسی ڕزگاری، چەند گومانلێکراوێک لەسەر دۆسیەکە خرانە ژێر چاودێرییەوە.

بەپێی وتەی وتەبێژی ئاسایشی گەرمیان، دوو لەو گومانلێکراوانە بە تۆمەتی دزینی ئەو بڕە پارەیە دەستگیرکراون و لەکاتی لێکۆڵینەوەی سەرەتاییدا نکوڵییان کردووە، بەڵام دوای خستنەڕووی بەڵگەکان دانیان بەتاوانەکەیاندا ناوە.

لەو دۆسییەدا بڕی 150 هەزار دۆلاری ئەمریکی و ملیۆنێک و 591 هەزار دیناری عێراقی دەستیان بەسەرداگیراوە.

شەوی 2/3ی ئەم مانگە لە ناحیەی ڕزگاری ئەو بڕە پارەیە لە کۆمپانیای نۆژین سیتی دزرا، دوای دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکان، زانراوە کە هەردوو تۆمەتبار چێشتلێنەر بوون لە کۆمپانیاکە.

وتەبێژەکەی ئاسایشی گەرمیان ئاشکراشیکرد، ئەوانەی تاوانەکەیان ئەنجامداوە، کوردن و یەکێکیان خەڵکی هەرێمی کوردستان و ئەوی دیکەیان خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە.

بابەتی پێشتر

بانكی نێودەوڵەتی: تێكڕای تەمەنی عێراقییەكان 71 ساڵە

بابەتی دواتر

دۆزینەوەی تەرمی کۆڵبەرێکی یارسان لە سنوری سەرپیل زەهاو – گەرمیان

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share