ڕوسیا بوونی تاڵیبانی لە باكووری ئەفغانستان پێباشە

چەكدارانی تاڵیبان

بەڕێوەبەری بەشی ئاسیا لە وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا بوونی تاڵیبان لە باكووری ئەفغانستان بە ئەرێنی دەزانێت، بەو پێیەی زیادبوونی هەڕەشەی داعش بۆسەر وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست كەمتردەكاتەوە.

زامیر كاپولۆڤ، كە هاوكات نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ڕوسیایە بۆ كاروباری ئەفغانستان، بە ئاژانسی هەواڵی نۆڤۆستی ڕاگەیاندووە، “ماوەیەكی زۆرە ژمارەیەك ڕێكخراوی تیرۆرستیی نێودەوڵەتی، لەپێش هەموویانەوە داعش، هەروەها نزیكەی 20 گروپی تیرۆریستیی بچووكتر، كە هێندەی داعش توندڕەون، لە ناوچەكانی باكووری ئەفغانستان بوونیان هەیە.

بەرپرسەكەی وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا هۆشداریی داوە لەوەی، ئەو گروپانە و داعش هەوڵی قۆستنەوەی پشێویی ناوچەكانی باكووری ئەفغانستان دەدەن، بۆ ئەوەی لەوێوە ئارامیی وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست تێكبدەن.

بۆیە ئەو بەرپرسە ڕوسییە بوونی تاڵیبان لە باكووری ئەفغانستان بە باش دەزانێت، بەو پێیەی “زیادبوونی هەڕەشەی داعش بۆسەر وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست كەمتر دەكاتەوە”.

كاپولۆڤ دەڵێت، پەیوەندییەكانی تاڵیبان لەگەڵ داعش زۆر خراپە و لەچەند ساڵی ڕابردوودا شەڕی قورس لەنێوانیاندا بووە، بەڵام بۆ ئەمریكییەكان و ناتۆ پرسەكە بەو شێوەیە نییە، تەنانەت بۆ حكومەتی ئێستای ئەفغانستانیش بەو شێوەیە نییە، بۆیە بەرپرسە ڕوسییەكە دەڵێت، “لەگەڵ ئەوەی قسەیەكی لەم شێوەیە بۆی هەیە نامۆ بێت، بەڵام تەنها بوونی تاڵیبان لەو ناوچەیە (باكووری ئەفغانستان)، هەڕەشەی داعش و گروپە تیرۆریستییەكان لەسەر وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست كەمتر دەكاتەوە”.

پێشیوایە، تاڵیبان لە ئایندەیەكی نزیكدا نابێتە هەڕەشە بۆسەر وڵاتانی ئاسیا و هیچ ئاماژە و بەڵگەیەكیش بوونی نیە سنووری وڵاتانی دراوسێ ببەزێنێت.

بابەتی پێشتر

(ڤیدیۆ) ئیسپانیا لە کاتی زیادکراودا ژاپۆنی تێپەڕاند و گەیشتە کۆتایی ئۆڵیمپیاد

بابەتی دواتر

ئەڵمانیا پاسەوانێكی پێشووی نازی دادگایی دەكات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share