پڕوپاگەندە بێبنەماكانی بەكارنەهێنانی ڤاكسینی دژەكۆرۆنا.. دیارترینیان كامانەن؟

تائێستا بەشێك لە خەڵک ڕەتیدەکەنەوە ڤاکسینی کۆرۆنا وەربگرن، ئەمەش بەهۆی ئەو پڕوپاگەندانەی لەبارەی ڤایرۆسەکە بڵاوکراونەتەوە، ئەمەش کاریگەریی خراپی لەسەر کۆنترۆڵکردنی پەتاكە لە جیهاندا دروستکردووە.

لەسەرەتای دەستپێکردنی هەڵمەتەکانی کوتان لەجیهاندا، ژمارەیەک پڕوپاگەندەی “بێبنەما” لەبارەی ڤاکسینەکانەوە بڵاوکراونەتەوە، بەپێی پێگەی (The Health Site)، كە تایبەتە بە بواری تەندروستی، گرنگرترین پروپاگەندەكان بریتین لە:

یەکەم: من تووشی کۆرۆنا بوون و پێویستم بە کوتان نییە

هەندێک پێیانوایە لەبەرئەوەی تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، پێویست ناکات ڤاکسین وەربگرن، بەڵام توێژینەوەکان دەریانخستووە وەرگرتنی ڤاکسینەکە دەتوانێت بەرگرییەکی بەهێزتر بەرامبەر ڤایرۆسەکە دروستبکات.

ئەو بەرگرییەی دوای توشبوون بە کۆرۆنا و بەسروشتی دروستدەبێت نازانرێت چۆنە، بەڵام زانایان دەڵێن ڤاکسین دەتوانێت بەرگرییەکی زیاتر و بەهێزتر دروستبکات.

دووەم: کاریگەرییە لاوەکییەکانی ڤاكسین ترسناکن

توێژینەوەیەکی نوێی زانکۆی جۆهانسبۆرگ و ئەنجومەنی توێژینەوەی زانستە مرۆڤایەتییەکان لە باشووری ئەفریقا، 25%ی ئەوانەی بەشدارییانکردووە، نایانەوێت ڤاکسین وەربگرن بەهۆی ترسیان لە کاریگەرییە لاوەکییەکانی.

لەکاتێکدا کاریگەرییە لاوەکییەکانی لاوازن، وەک، تای سووک، هەوکردنی ماسولکە و بێهێزی، کە ئەمانەش دوای دوو ڕۆژ یان سێ ڕۆژ ئاسایی دەبنەوە.

لەگەڵ ئەوەشدا کاریگەریی لاوەکی دیکە هەبووە، وەک خوێنبەربوون، كە لە ژمارەیەک لەوانەی ڤاکسینی جۆنسن ئاند جۆنسنیان وەرگرتبوو دەرکەوت، بەڵام ژمارەیان زۆر کەمبووە.

لەکاتێکدا خوێنبەربوون بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە 8 بۆ 10 جار زیاترە بەراورد بە مەترسیی ئەو حاڵەتە بەهۆی ڤاکسینەوە.

سێیەم: بوونی ئەنتیگرێتی چاودێری لە ڤاکسینەکەدا

یەکێک لە سەیرترین پڕوپاگەندەکان، كە زیاتر لە تیۆریی پیلانگێڕییەوە سەرچاوەی گرتووە، بوونی ئەنتیگرێتی (شریحة) چاودێریکردن لەناو ڤاکسینەکەدا، بۆ ئەوەی لەرێگەیەوە چاودێریی كەسەكان بكرێت.

چوارەم: ڤاکسینەکە ترشە ناوکییەکان DNA دەگۆڕێت

کۆتا پڕوپاگەندە، توانای ڤاکسینەکەیە بۆ دروستکردنی گۆڕانکاری لە ترشە ناوکییەکانی مرۆڤدا (DNA)، کە بەرپرسە لە دیاریکردنی سیفاتە بۆماوەییەکان لە وەچەکاندا.

بەڵام ئەم زانیارییە بەتەواوی پێچەوانەی زانستە.

ترشی ناوکی یان DNA لەناو ناوکی خانەکاندایە، لەکاتێکدا ڤاکسین ناچێتە ناو ناوکی خانەوە، بۆیە هیچ کاریگەرییەک لەسەر DNA ناکات.

بابەتی پێشتر

بەریتانیاش هەڕەشەی وەڵام لە ئێران دەكات

بابەتی دواتر

كوالێتی كۆنترۆڵ چ پەیوەندییەكی بە كەمیی كارەبای نیشتمانییەوە هەیە؟

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

پەرلەمانی كوردستان لەسەر گرانیی بازار و بەرزبوونەوەی نرخی پێداویستییەكان كۆدەبێتەوە

پەرلەمانی كوردستان ڕۆژی یەكشەممەی داهاتوو لەبارەی گرانیی بازار و بەرزبوونەوەی نرخی پێویستییەكانی ڕۆژانەی هاوڵاتییان كۆدەبێتەوە. بەپێی ڕاگەیەندراوێكی سەرۆكایەتیی…
Total
0
Share