وینسرۆپ ڕۆجەرز: تیمی مەسرور بارزانی ملیۆنان دۆلار خەرجدەکات بۆ کڕینی پشتگیریی سیاسی لە ئەمریکا

ڕۆژنامەنووس وینسرۆپ ڕۆجەرز، لێکۆڵینەوەیەکی سەبارەت بە چالاکییەکانی لۆبیکردن و خەرجییەکانی تیمی سەرۆکایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان لە واشنتن بڵاوکردووەتەوە.

لە لێکۆڵینەوەکەدا تیشکخراوەتە سەر خەرجییە ملیۆن دۆلارییەکانی تیمی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کڕینی پشتگیریی سیاسی لە ئەمریکا.

خاڵە سەرەکییەکانی لێکۆڵینەوەکە:

یەکەم: دۆسیەی مەجید گلی و لیژنەی کوردی – ئەمریکی

ڕۆجەرز پەردە لەسەر گرێبەستێکی گرانبەها لادەدات کە لەلایەن شەعبان چالی، سەرۆکی دیوانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، واژووکراوە؛ بەپێی بەڵگەنامە ڕەسمییەکان، مەجید گلی، پەیامنێری پێشووی یەکێک لە کەناڵەکانی پارتی، وەک ڕاوێژکاری تایبەت بۆ کاروباری نێودەوڵەتی و دامەزراوە جیهانییەکان دیاریکراوە و مووچەی مانگانەی 16 هەزار و 500 دۆلارە، لەگەڵ 10 هەزار دۆلار خەرجیی مانگانە. کۆی خەرجییەکانی بۆ یەک ساڵ، دەگاتە 318 هەزار دۆلار (31 دەفتەر و 80 گەڵا)

لێکۆڵینەوەکە ئاماژە بەوەدەکات، کە چالاکییەکانی ئەم لیژنەیە ڕوون نین و تەنیا لە وتارنووسین لە میدیا ڕاستڕەوەکانی ئەمریکا (وەک فۆکس نیوز)، کورت بووەتەوە بۆ پشتگیریکردن لە سیاسەتەکانی ترەمپ و نیشاندانی ئەوەی کە خەڵکی هەولێر، لە هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران ڕازین.

دووەم: نووسینگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک درێژکراوەی نووسینگەی مەسرور بارزانی

ڕۆجەرز دەڵێت، نووسینگەی ڕەسمیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە واشنتن چیتر وەک دامەزراوەیەکی نیشتمانی ڕەفتار ناکات، بەڵکو ئەم نووسینگەیە بووەتە درێژکراوەی نووسینگەی سەرۆکی حکومەت (مەسرور بارزانی) و تەنیا خزمەت بە ئەجێندای پارتی دەکات؛ لە لێکۆڵینەوەکەدا ناوی بەیان سامی عەبدولڕەحمان و تریفە عەزیز، وەک کاراکتەرە سەرەکییەکانی ئەم تۆڕە هاتووە.

سێیەم: تەمویلی ئەنتیفاز قەنبەر و گرووپەکانی دیکەی لۆبی

بەشێکی دیکەی لێکۆڵینەوەکە باس لە ئەنجومەنی پاراستنی کورد دەکات کە لەلایەن ئەنتیفاز قەنبەرەوە بەڕێوەدەبرێت؛ ئەم ئەنجومەنە بە ڕەسمی لە وەزارەتی دادی ئەمریکا تۆمارکراوە بۆ کارکردن لە بەرژەوەندیی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان.

ڕۆجەرز ئاماژە بەوەدەکات، کە ئەم گرووپانە ململانێیەکی توند دەکەن بۆ ئەوەی وا نیشانبدەن کە پارتی تاکە هاوپەیمانی باوەڕپێکراوی ئەمریکایە لە ناوچەکەدا.

چوارەم: خەرجییە گشتییەکان و کۆمپانیاکان

لێکۆڵینەوەکە ئاماژە بە چەندین گرێبەستی دیکەی پارتی دەکات لەگەڵ کۆمپانیاکانی لۆبی وەک: کۆمپانیای (ArentFox Schiff) بە بڕی 20 هەزار دۆلار لە مانگێکدا. کۆمپانیای (Chartwell Strategy Group) بە بڕی 25 هەزار دۆلار لە مانگێکدا بۆ کاروباری پەیوەندییە گشتییەکان.

ڕۆجەرز دەڵێت، تێچووی لۆبییەکانی پارتی لە واشنتن لە ماوەی 25 ساڵی ڕابردوودا، بە دەیان ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێت.

ئەنجامگیریی ڕۆجەرز

ڕۆجەرز دەگاتە ئەو بڕوایەی کە ئەم خەرجییە زەبەلاحانەی تیمی مەسرور بارزانی، لەبری ئەوەی خزمەت بە بەرژەوەندیی گشتیی کورد بکات لە ئەمریکا، زیاتر بۆ جوانکردنی وێنەی سەرکردایەتیی پارتی و پەردەپۆشکردنی کێشە ناوخۆییەکانی هەرێمە.

ئاماژە بەوەشدەکات، نەبوونی شەفافیەت لەم گرێبەستانەدا (وەک نموونەی مەجید گلی) نیشانەی بەکارهێنانی دارایی گشتییە بۆ مەرامی حزبی و کەسی.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share