دوو سەركردەی باڵا لەنێوانیاندایە.. ئاسایشی هەرێم دەستگیركردنی ژمارەیەك داعش ڕادەگەیەنێت

ژمارەیەك لە دەستگیركراو فۆتۆ: ئەرشیف

ئاسایشی ھەرێم دەستگیرکردنی دوو سەرکردە و ژمارەیەك ئەندامی داعش ڕادەگەیەنێت و دەڵێت، لە ھەوڵی خۆڕێکخستندابوون بۆ تێکدانی ئارامی ھەرێم.

دەزگای ئاسایشی ھەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوەكەدا دەڵێت، ئۆپراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی بەھاوکاری بەڕێوبەرایەتی ئاسایشی شارەزوور دوو سەرکردەی داعش و تاقمێکی تیرۆریستی لە پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە دەستگیردەکەن کە وەک شانەی نەنستوو لە سنووری ھەرێم خۆیان حەشاردابوو کە لە ھەوڵی خۆڕێکخستندابوون بۆ تێکدانی ئارامی ھەرێم و ژیانی خەڵک و جێبەجێکردنی مەرام و پیلانەکانی داعش.

ڕونیشیدەكاتەوە، “لەسەر بنەمای زانیاری ھەواڵگری و بەدواداچوون سەرەداو دەستکەوت لەسەر بوونی تاقمێکی نەنستووی داعش کە پیلانیان داناوە خۆیان ڕێکبخەن و ئامادەبکرێن بۆ چەند کردەوەیەکی تیرۆریستی لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و ھەڵەبجە. ڕاستەخۆ بەبڕیار و سەرپەرشتی سەرۆکی دەزگای ئاسایشی ھەرێم، ئاسایشی سلێمانی لێکۆڵینەوەی دەستپێکرد و دوای یەک مانگ بەدواداچوونی ورد و دەستخستنی زانیاری و بەڵگە و دیاریکردنی شوێن و مانەوەی تیرۆریستان و چاودێریکردنیان” پاش ڕەزامەندی دادوەری لێکۆڵینەوە و بەبڕیاری سەرۆکی دەزگا شەوی 27 لەسەر 28ی تەمموز جوڵە بەھێزەکانی ئۆپراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی و ئاسایشی شارەزوور کرا و لە پارێزگای ھەڵەبجە لە چوار ئۆپراسیۆنی گەورە و ھەڵمەتی ھاوکاتدا ھەر چوار تیرۆریست (ع.ح.) و (ل.ج.) و (ز.ح.) و (ع.ح.ع.) دەستگیرکران کە دووانیان سەرکردەی داعش بوون و بەشداری و سەرپەرشتی چەندین تاوانیان کردووە.

لە ئۆپراسیۆنێکی دیكەشدا لە سلێمانی ھێزەکانی ئاسایشی سلێمانی “تیرۆریست (س.ع.) دەستگیرکرد”، وەك ئەوەی لە بەشێكی دیكەی ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە.

ئاماژە بەوەشدەكات، لەبارەی ئەم کەیسە ئەمنییەوە لێکۆڵینەوەی ورد دەستیپێکردووە و دەرکەوت “تیرۆریستە دەستگیراوەکان” بەپێی ماددەی چواری تیرۆر داواکراو بوون و چەکداری داعش بوون لە ویلایەتی باشوور و، بەشداربوون لە چەندین تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و لە چەند شارێکی عێراق و ھەرێم خۆیان ڕێکخستووە و مەرامیان بووە چەندین کردەوەی تیرۆریستی ئەنجام بدەن.

دەزگای ئاسایشی ھەرێم دوپاتیشیدەكاتەوە، بەھەماھەنگی و ھاوکاری ھێزەکانی پێشمەرگە و دژەتیرۆر و ھێزەکانی ناوخۆ لە ھەوڵی بەردەوامدا دەبین بۆ پاراستنی ھەرێمەکەمان و سەروماڵی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان.

بابەتی پێشتر

بافڵ تاڵەبانی: ناساندنی هەورامان وەك ناوچەیەكی كەلەپووریی جیهان دەستكەوتێكی مێژووییە

بابەتی دواتر

حكومەتی هەرێم: بەردەوام دەبین لە چاكسازی و گەڕاندنەوەی ئەو موڵكانەی بەهەدەردراون

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share