قوباد تاڵەبانی: یەكێتی و گۆڕان ئامانجە هاوبەشەكانیان زیاترە لە جیاوازییەكانیان

جێگری سە‌رۆكی ئە‌نجومە‌نی وە‌زیران لە یادی دامەزراندنی بزوتنەوەی گۆڕاندا پەیامێك ئاڕاستەی عومەری سەید عەلی، ڕێکخەری گشتیی بزوتنەوەكە دەكات و دەڵێت، بەردی بناغەی چاكسازی و بەرەوپێشچون لە بەهێزكردنی ڕایەڵەكانی پەیوەندیی هێزە سیاسییەكانی كوردستاندا دێتەدی، بەتایبەت یەكێتی و گۆڕان كە ئامانجە هاوبەشەكانیان زیاترە لە جیاوازییەكانیان.

قوباد تاڵە‌بانی، جێگری سە‌رۆكی ئە‌نجومە‌نی وە‌زیران لە پەیامەكەیدا رایگەیاندوە، “یادی دامەزراندنی بزوتنەوەی گۆڕان لە هەمو هەڵسوڕاوان و لایەنگرانی گۆڕان پیرۆز دەكەم، بەهیوام ببێتە دەستپێكی قۆناغێكی نوێی پەرەسەندن و گەشەسەندنی ئەم بزوتنەوەیەی كە یادگاری كاك نەوشیروانە، لەم بۆنەیەشدا بەپێویستی دەزانم جەخت لە هەماهەنگی و كاری پێكەوەیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان بكەمەوە كە دوا سپاردە و ئامانجی هەردوو سەركردەی مەزن مام جەلال و كاكە نەوە بوو”.

ئاماژەی بەوەشکردوە، “ئێمە لە یەكێتی لە دەستپێكێكی نوێ و لە قۆناغێكی نوێداین، پێشمانوایە بەردی بناغەی چاكسازی و بەرەوپێشچون لە بەهێزكردنی ڕایەڵەكانی پەیوەندیی هێزە سیاسییەكانی كوردستاندا دێتەدی، بەتایبەت یەكێتی و گۆڕان كە ئامانجە هاوبەشەكانیان زیاترە لە جیاوازییەكانیان، لەگەڵ ئەمەشدا ئێمە پێداگرین لەسەر بەرەنگاربونەوەی توندی گەندەڵی و یاساشكێنی لەپێناو ئەوەی بگەینە حوكمڕانییەكی دروست و ڕەشید كە خەونی چەندین ساڵەی گەلەكەمانە”.

دەقی پەیامەكەی قوباد تاڵەبانی:

بەڕێز كاك عومەری سەید عەلی رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان

پاش ڕێز و سڵاو

یادی دامەزراندنی بزووتنەوەی گۆڕان لە هەموو هەڵسوڕاوان و لایەنگرانی گۆڕان پیرۆز دەكەم، بەهیوام ببێتە دەستپێكی قۆناغێكی نوێی پەرەسەندن و گەشەسەندنی ئەم بزووتنەوەیەی كە یادگاری كاك نەوشیروانە. لەم بۆنەیەشدا بەپێویستی دەزانم جەخت لە هەماهەنگی و كاری پێكەوەیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان بكەمەوە كە دوا سپاردە و ئامانجی هەردوو سەركردەی مەزن مام جەلال و كاكە نەوە بوو.

ئێمە لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە دەستپێكێكی نوێ و لە قۆناغێكی نوێداین، پێشمانوایە بەردی بناغەی چاكسازی و بەرەوپێشچوون لە بەهێزكردنی ڕایەڵەكانی پەیوەندیی هێزە سیاسییەكانی كوردستاندا دێتەدی، بەتایبەت یەكێتی و گۆڕان كە ئامانجە هاوبەشەكانیان زیاترە لە جیاوازییەكانیان، لەگەڵ ئەمەشدا ئێمە پێداگرین لەسەر بەرەنگاربوونەوەی توندی گەندەڵی و یاساشكێنی لەپێناو ئەوەی بگەینە حوكمڕانییەكی دروست و ڕەشید كە خەونی چەندین ساڵەی گەلەكەمانە.

ئەركی یەكێتی و گۆڕانە لە سەركردایەتییەوە تا بنكە جەماوەرییەكان بەجۆش و خرۆشەوە “هاوپەیمانی كوردستان” سەربخەن لە هەڵبژاردنی چاوەڕوانكراوی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق. ئێمە پێكەوە بەهێزین و پێكەوەش دەتوانین زۆر دەسكەوت بەدەست بهێنین، بەهاوكاری هەموولاش دەتوانین یەكدەنگییەكی كوردستانی لەسەر نەگۆڕە نیشتمانی و نەتەوەییەكان لە عێراق دروست بكەین و بەمەش ڕۆحی شەهیدەكان ئاسوودە دەكەین و دڵی دۆستانمان لەهەموو دنیا خۆش دەكەین، هەر لەو رێگایەشەوە مافە دەستوریی و نەتەوەییەكانی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان دەستەبەر دەكەین.

یەكێتیی نیشتمانی لەسەر گفت و بڕیاری خۆیەتی، بەگیانێكی تازەو بەكردەیی ئەمجارەیان كار بۆ چاكسازی و گۆڕانكاریی دەكات و بە دەستێکی ئاسنین بەگژ خواروخێچیییەكاندا دەچێتەوە، کۆمەڵانی خەڵکیش دڵنیا دەکەینەوە لە ئەمڕۆ بە دواوە دەرەنجامی هەوڵەکانمان بۆ چاکسازی و کۆتاییهێنان بە گەندەڵی دەبینن. لەم ئەركە نوێیەش كە خستوومانەتە بەردەم خۆمان چاومان لە پشتیوانی هاوپەیمان و دۆستەكانمانە و كورد دەڵێت “چەپڵە بە دەستێك لێنادرێت”.

هەر شاد و سەربەرز و سەرکەوتوو بن

بابەتی پێشتر

كۆمپانیای یه‌عقوب داخرا

بابەتی دواتر

لە حاجیاوا ماركێتێك سوتا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share