جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی پاریس بۆ کەشوهەوا هەشت ملیۆن هەلی کار لە بواری وزەدا دەڕەخسێنێت

توێژینەوەیەکی نوێ دەریدەخات گرتنەبەری هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی پاریس بۆ کەشوهەوا دەتوانێت هەشت ملیۆن هەلی کار لەسەر ئاستی جیهان لەبواری وزەدا بڕەخسێنێت.

پێگەی سل.کۆم توێژینەوەکەی بڵاوکردووەتەوە و ڕایگەیاندووە، داتا و زانیارییەکان لە 50 دەوڵەت کۆکراونەتەوە کە یەکێک لە داهاتە سەرەکییەکانیان سوتەمەنی بەردینە.

بەپێی توێژینەوەکە، لەجیهاندا 18 ملیۆن کارمەند لەبواری وزەدا کاردەکەن، ئەگەر هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی پاریس بگیرێتەبەر ئەو ژمارەیە بۆ 26 ملیۆن زیاد دەبێت.

داتا و ژمارەکان بەپێی شوێنەکان و پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و ئامێرەکانی کارکردن لە وڵاتان جیاوازی هەیە بۆ نمونە دەرهێنانی یەک ملیۆن تۆن خەڵوز لە وڵاتی هیندستان پێویستی بە 725 کرێکار دەبێت، بەڵام لە ئەمریکا هەمان بڕ پێویستی بە 73 کرێکار هەیە.

توێژینەوەکە باس لەوەدەکات تا ساڵی 2050 کرێکارانی وزە ڕێژەی 84%یان لەبواری وزەی خاوێندا دەبن و 11%یشیان لەبواری سوتەمەنی بەردین و 5%یان لە وزەی ئەتۆمیدا دەبن.

ئەوانەی ئێستا لە بواری وزەی سوتەمەنی بەردین کاردەکەن، 80%ی کارمەندانی کەرتی وزەن لە جیهاندا، ئەمڕێژەیە بەردەوام روو لە کەمبوونەوە دەکات و لە ساڵانی داهاتوودا لەبواری وزەی خۆر و بادا سودیان لێوەردەگیرێت.

توێژینەوەکە دەڵێت، بەشێکی زۆر لە وڵاتان ئێستا گرنگی بە وزەی خاوێن دەدەن، بۆیە بەشێک لە کرێکارانی بواری وزە باوەکان کارەکانیان لەدەستدەدەن، دەبێت سود لەم کارمەندانە وەربگیرێت بۆ کارکردن لە وزەی خاوێندا.

بابەتی پێشتر

كەشناسیی عێراق: تا مانگی ئەیلول هەڵكشان و داكشانی پلەكانی گەرما بەردەوام دەبێت

بابەتی دواتر

دووبارە شەپۆلێكی گەرما هەرێم دەگرێتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share