حەوت كۆچبەری كورد لە ڕووداوی نقومبوونی یەختەکەی دەریای ئیجەدا بێسەروشوێنن

دەزگای لوتکە بۆ کاروباری پەنابەران ڕایدەگەیەنێت لە ڕووداوی نقومبوونی یەختەکەی دەریای ئیجە، 17 كۆچبەری کورد ڕزگارکراون، بەڵام حەوت كۆچبەری هەرێم كە یەکێکیان کوردی ڕۆژهەڵاتە بێسەروشوێنن.

لە ڕاگەیەنراوێکدا دەزگای لوتکە بۆ کاروباری پەنابەران ئاماژەی بەوەكردووە، “بەپێی دواهەمین بەدواداچوونەکان لە ڕووداوەکەی ڕۆژی پێنجشەممەی نزیک دورگەی کریتیدا ژمارەیەکی زۆر لە کوردانی باشوری کوردستان ڕزگاریان بووە، کە 17 لەو کەسانە لەلایەن کەسوکاریانەوە لە دەزگای لوتکە تۆمار کراون و دوای بەدواداچوونی وردی دەزگاکە، هەواڵی سەلامەتییان دراوە بە کەسوکاریان”.

باسی لەوەشكردووە، “هەر لەو ڕووداوەدا 10 كۆچبەر بێسەروشوێنن کە دوانیان خەڵکی میسر و دانەیەکیان کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و حەوت كۆچبەریشیان هاوڵاتی هەرێمی کوردستانن”.

 ئەوەشی خستووەتەڕوو، “دەزگای لوتکە بەهاوکاریی نوسینگەی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم بەردەوامە لە بەدواداچوونەکانی بەمەبەستی هاوکاری و کارئاسانی بۆ ڕزگاربووانی ڕووداوەکە و هەروەها فشارکردن بۆ بەدواداچوونی زیاتر لەسەر بێسەروشوێن بووەکانی ئەو ڕووداوە، بەڵام تاکو ئێستا تەنها بەڵگەنامەی چوار لە بێسەروشوێنبووەکان لەلایەن کەسوکاریانەوە دراون بە دەزگای لوتکە”.

دەزگاكە داواش لە کەسوکاری ئەو کۆچبەرانەی دیکە دەكات کە ژمارەیان سێ کەسە و تا ئێستا چارەنووسیان نادیارە، زانیاری و بەڵگەنامەکان بنێرن بۆ دەزگای لوتکە.

بابەتی پێشتر

حكومەت بڕیار لە لێبڕین دەدات.. گەنجینەكان ئاگادارنەكراونەتەوە بۆ دابەشكردنی موچە

بابەتی دواتر

ژووری ئۆپراسیۆنەكانی هەولێر ژمارەیەك بڕیاری نوێی دەركرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share