ئەمڕۆ ئۆپیک پڵەس بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن کۆدەبێتەوە

دوای شکستهێنانی کۆبوونەوەکانی پێشووتری، کە لە سەرەتای مانگی تەمموزەوە دەستیانپێکرد، بڕیارە ئەمڕۆ جارێکی دیکە وڵاتانی ئەندامی ئۆپیک پڵەس بۆ ڕێککەوتن لەبارەی زیادکردنی بڕی نەوتی بەرهەمهێنراو کۆببنەوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی ڕێکخراوی ئۆپیک پڵەس، گەورەترین وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت کە ئەندامن لە هاوپەیمانیی ئۆپیک پڵەس، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە کۆدەبنەوە، بڕیار لەبارەی هەڵگرتنی بەشێکی دیکەی ڕێکارەکانی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت دەدرێت.

ئۆپیک پڵەس دەیەوێت 400 هەزار بەرمیلی دیكە بخاتە سەر كۆی بەرهەمهێنانی ڕۆژانە، بەڵام پێشتر بەهۆی ناڕەزایەتیی ئیمارات لەبارەی ئەو بڕەی لە زیادكردنەكەدا بەریدەكەوێت، نەیانتوانی ڕێكبكەون و لەگەڵ سعودیە جۆرێك لە ناكۆكییان هەبوو، بەڵام بەپێی سەرچاوەكان، ناكۆكییەكەی سعودیە و ئیمارات هێواشتر بووەتەوە و لە ڕێككەوتن نزیكن.

نرخی نەوت کۆتایی هەفتەی ڕابردوو تا داخستنی بازاڕ ڕوو لە دابەزینبوو، بەهۆی بەرزبوونەوەی ژمارەی توشبووان بە کۆرۆنا لەجیهاندا و جارێکی دیکە دەستپێکردنەوەی ڕێکارەکانی خۆپارێزی.

ئەمڕۆ پێش كۆبوونەوەكەی ئۆپیك پڵەس نرخی نەوتی برێنت بەبڕی 12 سەنت و ڕێژەی 0.2% بەرزبووەتەوە و نرخەکەی گەیشتە 73.59 دۆلار، هەروەها نەوتی خاوی تەکساس 16 سەنت و بەڕێژەی 0.2% بەرزبووەوە و گەیشتە 71.81 دۆلار.

لەئەنجامی شکستەکانی ڕێکخراوی ئۆپیک پڵەس بۆ گەیشتنە ڕێککەوتن، لە هەفتەی ڕابردوودا تێکرا نرخی نەوتی خاوی برێنت بەڕێژەی 3% دابەزی، ئەمەش گەورەترین دابەزین بوو لەدوای مانگی نیسانەوە تۆماریکردبێت، هەروەها نرخی نەوتی خاوی تەکساس 4% دابەزی، کە بەتێکڕا زۆرترین دابەزینبوو لە مانگی ئازاری ڕابردووەوە.

ڕێکخراوی ئۆپیک ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو ڕایگەیاند، پێشبینی دەکەن خواست لەسەر نەوت لەساڵی داهاتوودا بەڕێژەیەکی بەرچاو بەرزببێتەوە، بەجۆرێک بگاتەوە ئاستی بەر لە سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەهۆی زیادبوونی خواستی وڵاتانی ئەمریکا، چین و هیند لەسەر وزە.

بابەتی پێشتر

قەڵادزێ.. تەقە لەماڵی سلێمان هەڵشۆیی کرا

بابەتی دواتر

خانمە دەرهێنەرێك خەڵاتی چڵە ئاڵتونی كان-ی بەدەستهێنا

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

نرخی ئەمڕۆی دراوەكان

نرخی دراوە بیانییەكان بۆ ئەمڕۆ یەكشەممە 28ی ئازار لە بازاڕەكانی هەرێم بڵاوکرایەوە و، بەراورد بە دوێنێ نرخی دۆلار…
Total
0
Share