لیژنەكەی پەرلەمانی كوردستان داوایكردووە سكاڵا دژی توركیا تۆماربكرێت

لە ڕاپۆرتی ئەو لیژنەیەی پەرلەمانی كوردستان، كە سەردانی ناوچە سنورییەكانی كرد، لەگەڵ ئەوەی پەكەكە وەك بیانووی توركیا بۆ هێرشكردن باسكراوە، بەڵام داوا لە هەرێمی كوردستانیش كراوە لەڕێگەی عێراقەوە سكاڵا لەسەر توركیا تۆماربكات.

باڵانبۆ محەمەد، پەرلەمانتار و ئەندامی ئەو لیژنەیەی پەرلەمانی كوردستان، كە سەردانی ناوچە سنوورییەكانی كرد بۆ لێكۆڵینەوە لەبارەی لەشكركێشییەكانی سوپای توركیا و گرژییەكانی ناوچە سنوورییەكان، بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “ڕاپۆرتەكەمان ڕادەستی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان كردووە، ئاماژەمان بەوەكردووە، توركیا پەكەكەی كردووەتە بیانوو بۆ لەشكركێشی و هێرشەكانی”.

بەڵام ئەو پەرلەمانتارەی یەكێتی پێیوایە، “ئەگەر توركیا مافی كورد بدات لە باكووری كوردستان، ئەوكات ڕەوایەتیی پەكەكە نامێنێت بۆ شۆڕش”، ئەمە جگە لەوەی “پەكەكە هیچ جێگەیەكی دیكەی نیە بۆی بڕوات، جگە لە سنووری نێوان وڵاتانی عێراق، ئێران و سوریا نەبێت”.

هەر لە ڕاپۆرتی لیژنەكەی پەرلەمانی كوردستاندا گلەیی ئەوە كراوە كە حكومەتی فیدراڵ لەبارەی دەستدرێژییەكانەوە نایەتە وەڵام، ئەو پەرلەمانتارە پێیوایە، “ئەوەی توركیا بەرامبەر هەرێمی كوردستان دەیكات، بەرامبەر هەر وڵاتێكی دیكە بكرایە، هەموو دونیا هاتبوونە سەر خەت”.

هەر لە ڕاپۆرتەكەی لیژنەكەدا داواكراوە هەرێمی كوردستان لەڕێگەی بەغدادەوە لە نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەنجومەنی ئاسایش بەهۆی هێرشەكانەوە سكاڵا لەسەر توركیا تۆماربكات.

لەوەڵامی پرسیاری ئەوەی بۆچی لەسەر هێرشەكەی سەر پێشمەرگە لە چیای مەتین هیچ شتیكیان لە ڕاپۆرتەكەدا نەوتووە، باڵانبۆ محەمەد ئاشكرایكرد، “بەشێك لەپەرلەمانتاران دەیانویست بڕیاری پێشوەختەبدەن، ئێمەش ئەوەمان باسكردووە كە بینویمانە، ئەو ئۆتۆمبێلەی لە چیای مەتین هێرشی كرابووەسەر و چەند پێشمەرگەیەك شەهیدبوون، ئێمە نەمانبینی و لابرابوو، بۆیە ناتوانین بڕیاری لەسەربدەین و بڵێین پەكەكە ئەنجامیداوە”.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

جەمال کۆچەر: دەبێت لیژنە وزارییەکە تاوەکو سێشەممە رەشنوسەکە رادەستی سودانی بکات

ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، دەبێت لیژنە وزارییەکە تاوەکو سێشەممە رەشنوسەکە رادەستی سودانی بکات. جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی…
زیاتر ببینە

ناوی بەشێکی دیکە لە خوێندکارانی وەرگیراو لە زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێم راگەیەندرا

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ناوی خوێندکارانی دەرچووی خوێندنگە نێودەوڵەتییەکانی لە زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێم بڵاوکردەوە. وەزارەتی…
Total
0
Share