لە حەسەکە یەک ملیۆن کەس بێ ئاوی خواردنەوەن.. ڕوسیا و تورکیا لە دانوستاندان

سەرچاوەکان باس لەوەدەکەن دانوستانەکانی نێوان تورکیا و ڕوسیا سەبارەت بە کارپێکردنی وێستگەی ئاوی عەلوک لە دەوروبەری سەرێکانی لە ڕۆژئاوای کوردستان دەستیپێکردووە.

لە بەرواری 24ی حوزەیران سوپای تورکیا و گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا کارپێکردنی وێستگەی ئاوی عەلوکیان لە سەرێکانی ڕاگرت، کە سەرچاوەی ئاوی نزیکەی یەک ملیۆن کەسی شاری حەسەکە و ئەو پارێزگایانەیە کە زۆرینەیان کوردن.

لەدوای تشرینی یەکەمی 2019ەوە ئەوە 15ەیەمین جارە تورکیا و گروپە چەکدارە سورییەکانی سەربە تورکیا لە ناوچەی سەرێکانی کارپێکردنی ئەو وێستگەیە ڕابگرن.

سەرچاوە عێراقییەکان باس لەوەدەکەن کە ئەمڕۆ سێشەممە، شاندێکی باڵای نێودەوڵەتی لەگەڵ بەرپرسانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوای کوردستان کۆبوونەتەوە و بەرەو سەرێکانی بەڕێکەوتوون بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی راگرتنی ئاوی ئەو وێستگەیە.

سەرجاوەکان باس لەوەشدەکەن کە دانوستانەکان لەنێوان ڕوسیا و تورکیا دەستیپێکردووە سەبارەت بە کارپێکردنەوەی وێستگەی ئاوی عەلوک، کە سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی نزیکەی یەک ملیۆن کەسە لە حەسەکە و دەوروبەری.

لەبەرامبەردا تورکیا بە مەرجی دابینکردنی کارەبای ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی ڕازی دەبێت بە کارپێکردنی وێستگەکە، لەکاتێکدا ئێستا ئاوی ڕوباری فورات کەمبووەتەوە و ئەمەش کاریگەریی لەسەر کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی کارەبا لە بەنداوەکانی فورات دروستکردووە کە ئێستا لەژێر کۆنترۆڵی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوادایە.

تورکیا لەڕێگەی ڕوسیاوە داوای کردووە، لەبەرامبەر کارپیکردنی وێستگەکە، ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوا بڕی 25 مێگاوات کارەبا بۆ ناوچەکانی گرێ سپی و سەرێکانی دابینبکات، هەروەها کارەبای وێستگەی ئاوی عەلوک بدات کە کەمتر نەبێت لە هەشت مێگاوات.

لەلایەکی دیکەشەوە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوا داوای گرەنتی کارپێکردنی لانیکەم 20 بیر و چوار ترومپای ئاوی وێستگەکەی کردووە تاوەکو ئاوی تەواو بگاتە حەسەکە و دەوروبەری.

بابەتی پێشتر

پشووی جەژنی قوربان لە هەرێم دیاریكرا

بابەتی دواتر

ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم ڕاگەیەنراوێك بڵاودەكاتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share