پەرلەمانی كوردستان لیژنەكەی لەسەرخۆی پێكنەهێنا

پەرلەمانی كوردستان ئەو لیژنەیەی پێكنەهێنا، كە بڕیاربوو لێكۆڵینەوە بكات لەبارەی گومانی وەرگرتنی بەرتیل لە كۆمپانیاكان لەلایەن چەند پەرلەمانتارێكەوە.

لە دانیشتنی ڕۆژی 28ی مانگی ڕابردووی پەرلەمانی كوردستان، بەشێك لە پەرلەمانتاران ڕەخنەیان لەو نوسراوەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان گرت، كە بڕیاریداوە ڕێگری بكات لەوەی پەرلەمانتار بە تەنها سەردانی پڕۆژەكان بكات.

دوای ناڕەزایەتیی پەرلەمانتاران، پرسی پێكهێنانی لیژنەیەكی چاودێری و لێكۆلێنەوە خرایە دەنگدانەوە، كارەكەی بریتی بێت لە لێكۆڵینەوە لەبارەی گومانی وەرگرتنی بەرتیل لەلایەن پەرلەمانتارانی هەرێمی كوردستانەوە، بەزۆرینەی دەنگی پەرلەمانتارانیش پێكهێنانی لیژنەكە بڕیاری لێدرا.

بەڵام ئەبوبەكر هەڵەدنی پەرلەمانتاری كوردستان دەڵێت، زیاتر لە دوو هەفتە بەسەر بڕیارەكە تێپەڕیوە و تائێستا لیژنەكە پێكنەهێنراوە”.

هەڵەدنی بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “بڕیارەكەی سەرۆكی پەرلەمان (لەبارەی گومانی وەرگرتنی بەرتیل لە كۆمپانیاكان) نایاساییە و پێچەوانەی دەستوور و پەیڕەوی ناوخۆ و یاسا بەركارەكانی هەرێمە، چونكە دەسەڵاتی چاودێریكردنی داوە بە ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، چ وەك تاك یان ئەندامی لیژنە یان ئەندامی لیژنەی تایبەت بێت، دەتوانن بەدواداچوون و چاودێری دەسەڵاتی جێبەجێكردن و پیادەكردنی یاسا بكەن”.

جەختی لەوەشكردەوە، “بڕیارەكەی سەرۆكی پەرلەمان هیچ پاڵپشتییەكی یاسایی نیە، چونكە پەرلەمانتار چ وەكو خۆی یان وەكو ئەندامی لیژنە بۆی هەیە چاودێری هەموو سێكتەرەكان بكات پاڵپشت بەیاسا و دەستوور”.

ڕوونیشیكردەوە، “ئێمە لە دانیشتنی پەرلەمان و لەنزیكەوە بەسەرۆكی پەرلەمانمان وتووە، هەر بەڵگەیەكی لایە (لەبارەی گومانی وەرگرتنی بەرتیل لە كۆمپانیاكان) بیخاتەڕوو بۆ ڕایگشتی”.

پێشیوایە، “ئەگەر گریمان چەند پەرلەمانتارێكیش بەو كارە هەڵسابن، ناكرێت 111 پەرلەمانتار ببنە قوربانی ئەو چەند پەرلەمانتارە، بۆیە پێویستە ناوەكان بۆ ڕایگشتی ئاشكرابكات”.

لای خۆشیەوە، هاوڕێ مەلاستار پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “تا ئێستا لیژنەكە دروستنەكراوە و لەوبڕوایەشدام كە لیژنەكە دروستناكرێت”.

بابەتی پێشتر

ڤیدیۆیەکی تۆڕی میدیایی ئێستا زیاتر لە 10 ملیۆن بینەری تێپەڕاند

بابەتی دواتر

تۆمارێکی دەنگی سەرۆکی ڕیاڵ مەدرید ئەفسانەکانی توڕەکردووە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share