بەرشلۆنە بۆ گریزمان و ئەتلەتیکۆ مەدرید: نەخێر و نەخێر

ئیدارەی یانەی بەرشلۆنە بەهیچ شێوەیەک ئامادەنییە دەستبەرداری ئەنتوان گریزمانی هێرشبەری فەرەنسی بێت و پەیوەندی بە یانەی ئەتلەتیکۆ مەدریدەوە بکاتەوە.

لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا دەنگۆی ئەوە بڵاوکرایەوە، کە یانەی ئەتلەتیکۆ مەدرید جارێکی دیکە خواستی لەسەر گواستنەوەی ئەنتوان گریزمان نیشانداوە، یاریزانەکەش خۆشحاڵە بەم هەنگاوە و دەرگای بەڕووی یانە زەبەلاحەکەی شاری مەدرید کردووەتەوە.

لویس میگێلسانز، ڕۆژنامەنووسی ڕۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی لە زاری سەرچاوە ناوخۆییەکانی یانەی بەرشلۆنەوە چەند زانیارییەکی نەبیستراوی ئاشکراکردووە.

ڕۆژنامەنوسەکە ڕایگەیاندووە، ئیدارەی لاپۆرتا دەرگای بۆ گریزمان کردووەتەوە، چونکە موچەکەی بەرزە و دەیانەوێت ئاڕاستەی یانەیەکی دیکەی بکەن، تەنانەت ئەم بڕیارەشیان بە خودی یاریزانەکە ڕاگەیاندووە، لە بەرامبەردا هێرشبەرە فەرەنسییەکە لاری نەبووە و داوای گەڕانەوەی بۆ ئەتلەتی کردووە.

میگێلسانز دووپاتیدەکاتەوە، لەلایەن یانە گەورەکانی ئینگلتەرا و ئیتاڵیاوە تایبەت بە گواستنەوەی گریزمان بۆندیان بەدەستگەیشتووە، یەکێک لەو یانانە مانچستەر سیتی ئینگلیزییە، خوان لاپۆرتا و هاوکارانی سوورن لەسەر ڕەوانەکردنی یاریزانەکە بۆ ئەو دوو خولە، ئەوەش لەبەر دوو هۆکار.

یەکەم: هیچ یاریزانێكی ئەتلەتیکۆ مەدریدیان بەلاوە گرنگ نییە، تاوەکو بە گریزمان ئاڵوگۆڕی پێبکەن.

دووەم: نایانەوێت چیرۆکی لویس سوارێز دووبارە بکەنەوە، کە پەیوەندیکردنی بە ئەتلەتیکۆوە بەهێزتری کردن و بوونە ڕکابەرێکی سەرسەخت و لە کۆتایی وەرزشیدا ناسناوی لالیگایان چنییەوە.

بابەتی پێشتر

ڕامۆس: نێوانی من و پاریس وەک هاوسەرگیرییەکی نمونەییە و لە سفرەوە دەستپێدەکەمەوە

بابەتی دواتر

تێچووی کڕینی مباپێ بەچی کۆدەکەنەوە؟ چوار یاریزانی ڕیاڵ هێڵی سوورن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share