كونسوڵی ئه‌مریكا بەبۆنەی كۆتاییهاتنی ئەركەكانی: لە شاخەکان زیاتر بیری گەورەیی خەڵکی هەرێم دەکەم

ڕۆب واڵه‌ر كونسوڵی گشتیی ئه‌مریكا

ڕۆب واڵه‌ر كونسوڵی گشتیی ئه‌مریكا، بەبۆنەی كۆتاییهاتنی ئه‌ركه‌كانی له‌ هه‌رێمی كوردستان، وتارێكی بڵاوكرده‌وه‌، لە هەموو کاتێک زیاتر باوەڕم وایە کە پەیوەندی نێوان ئەمریكا و هەرێم درێژخایەن دەبێت، واش وەسفی كورد دەكات، كە “ئەگەر دەوڵەمەندی هەر شارستانییەک پەیوەست بێت بە دەوڵەمەندی هونەر و مێژووەکەیەوە، ئەوا هەرێمی کوردستان بەقەد هەر شوێنێکی دیکەی سەرگۆی زەوی دەوڵەمەندە”.

كونسوڵی گشتیی ئه‌مریكا لە وتارەكەیدا دووپاتیشی لە یەكگرتنەوەی هێزی پێشمەرگە كردووە، نوسیویەتی، “هێزێکی پێشمەرگەی یەکگرتووتر واتە هەرێمی کوردستانێکی بەهێزتر و یەکگرتووتر و هەروەها عێراقێکی باشتریش”.

لەبارەی پابەندبوون بە مافەكانی مرۆڤیش، هانی هەرێمی كوردستان دەدات “پابەندی هاوبەشمان بۆ مافەکانی مرۆڤ دەبێت بە بەردەوامی نەگۆڕبێت”، دەڵێت، “تاوەکو ئەوکاتەی هەرێمی کوردستان شوێنێک دەبێت مافەکانی مرۆڤ لە ڕیزی پێشەوە دادەنێت، دەبێتە نموونەیەک بۆ دراوسێیەکانی، هەروەها ئەو نموونەیە بە رۆشنترین شێوە دەدرەوشێتەوە ئەگەر لەڕووی سیاسییەوە بە یەکگرتوویی بمێنێتەوە”.

دەقی وتارەكەی کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە ھەولێر:

دوو هاوڕێی کورد

ڕۆب واڵەر، کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە ھەولێر

هەر ماوەیەکی کورت دوای گەیشتنم بە هەولێر وتەیەکی کۆنی کوردیم بە شێوازی خۆم داڕشتەوەو ئاماژەم بەوەدا ” کوردەکان دەتوانن پشت بە دوو هاوڕێ ببەستن کە بریتین لە چیاکان و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا”. ئێستا کە ماوەی خزمەتم وەک کۆنسوڵی گشتی ئەمەریکا کۆتایی دێت، لە هەموو کاتێک زیاتر باوەڕم وایە کە پەیوەندی تایبەتی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و خەڵکی ئەم هەرێمە درێژخایەن دەبێت. دۆستایەتییەکەمان بە درێژایی چەندین دەیەیە خەمڵاوە. کاتێک لە رێوڕەسمی یادکردنەوەی سی ساڵەی ئۆپەراسیۆنی دابینکردنی ناوچەی ئارام لە مانگی نیسانی ٢٠٢١ لە نزیک پارکی منارە لە هەولێر وەستام و قسەم بۆ ئامادەبووان کرد، ئەو سەرکەوتنە سەربازی و مرۆییانەم وەبیرهێنانەوە کە سی ساڵ بەر لە ئەمڕۆ روو‌حیان بە بەر ئەو پەیوەندییە تایبەتەی نێوان میللەتەکانماندا کرد و بناخەی ئەو هەرێمەیان دانا کە من هاتووم شانازی پێوە بکەم.
هەست بە شانازی دەکەم کە توانیم لە ماوەی ساڵی رابردوودا رۆڵێکی بچووک ببینم لە بیناکردنی زیاتر لەسەر ئەو بناخەیە. سەرەڕای هەموو ئاڵنگارییەکانی پەتای جیهانی، سەرکەوتوو بووین لە خستنە سەری چەند خشتێکی دیکە بۆ بەهێزترکردن و خۆڕاگرترکردنی پەیوەندییەکە. یادی مێژوویەکی هاوبەشی بەر لە سی ساڵمان کردەوە، هەروەها لە هەمانکاتیشدا مێژوومان دروستکرد. حکومەتەکەم یارمەتی هاوشانە کوردەکانمانی دا لە بەردەوامیدان بەوەی کە #پێشمەرگە بخرێتە ژێر یەک فەرماندەیی و هەروەها لە ماوەی ساڵی رابردوودا زیاتر لە ٢٥٠ ملیۆن دۆلارمان لە شێوەی یارمەتی ئەمنی پێشکەش کردوون. لە دەرەنجامیشدا، ئەو پێشمەرگە بوێرانەی یارمەتی تێکشکاندنی داعشیاندا ئێستا لە دۆخێکی بەهێزتردان بۆ پاراستنی هەرێمەکە بۆ نەوەکانی داهاتوو. هێزێکی پێشمەرگەی یەکگرتووتر واتە هەرێمی کوردستانێکی بەهێزتر و یەکگرتووتر و هەروەها عێراقێکی باشتریش.
لەگەڵ رووبەڕووبوونەوەی خراپترین پەتای جیهانی لە سەردەمی هاوچەرخدا، هاوڕێیانم لە ئاژانسی ئەمەریکی بۆ پەرەپێدانی نێودەوڵەتی دەستیان بەکارکردن کرد بۆ یارمەتیدانی هەرێمی #کوردستان لە رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆرنا. ئۆتۆمبێلی فریاگوزاری (ئیسعاف)و کەلوپەل و پێداویستی پزیشکیمان بەخشینە کەرتی تەندروستی لە #هەولێر و پارەمان دابینکرد بۆ بە خێرایی بنیادنانی یەکەی جیاکردنەوەی نەخۆشانی کۆرۆنا لە #دهۆک و هەروەها ئۆتۆمبێلی ساردکەرەوەمان بۆ کەرتی تەندروستی لە #سلێمانی دابینکرد بۆ ئەوەی یارمەتی هەڵمەتی گواستنەوەو دابەشکردنی ڤاکسین بدات. وەک گەورەترین بەخشەر بۆ دامەزراوەی #کۆڤاکس، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بەشداریکردووە لە بەخشینی سەدان هەزار ژەمە ڤاکسین بۆ خەڵکی عێراق.
لەڕووی ئابووریشەوە، کارمان لەگەڵ دامەزراوەی هاوئاهەنگی پەرەپێدانی دارایی کرد بە تەرخانکردنی ٢٥٠ ملیۆن دۆلار لە شێوەی وەبەرهێنان بۆ کەرتی گاز و نەوتی #هەرێمی_کوردستان. هەروەها هاوشانیمان لەگەڵ ژووری بازرگانی ئەمەریکادا کرد بۆ بانگهێشتکردنی کۆمپانیا ئەمەریکییەکان لە یارمەتیدانی وەگەڕخستنی توانای ئابووری هەرێمی کوردستان. لە دهۆکەوە بۆ سلێمانی هانی رۆحی کارسازخوازی گەنجان دەدەین لەڕێی وەبەرهێنانکردن لە پڕۆژەی بچووک و مامناوەند لەبەرئەوەی باش دەزانین ئەو شتەی کە وزەی هێنانەکایەی ئارامی و خۆشگوزەرانییە بریتییە لە بزوێنەری کەرتی تایبەتی زیندوو .
ئەگەر دەوڵەمەندی هەر شارستانییەک پەیوەست بێت بە دەوڵەمەندی هونەرو مێژووەکەیەوە، ئەوا هەرێمی کوردستان بەقەد هەر شوێنێکی دیکەی سەرگۆی زەوی دەوڵەمەندە. هەر لە پەرستگەی لالشەوە بۆ دەرگای بادینان، لە مەزاری نەبی ناحومەوە بۆ بابەتی ئەدەبی و مۆسیقای بەرجەستەکراو، خۆم و تیمەکەم شانازی بە کارکردن لەگەڵ هاوشانە کوردەکانمان و هەندێک لە بەنێوبانگترین دامەزراوە جیهانییەکان دەکەین بۆ پاراستنی فەرهەنگی کەلەپووری بەهاداری هەرێمی کوردستان، کە بۆ هەتاهەتایە بەردەست دەبن بۆ پەروەردەکردنی نەوەکانی داهاتوو. سەرەڕای سەرکەوتنە زۆرەکانمان، پێویستە چاوکراوەبین سەبارەت بە ئاڵنگارییەکان و هەروەها سەبارەت بە هەرشتێک کە لەوانەیە درز بخاتە ئەو بناخەیەوە کە بە کارکردنی ماندوونەناسانە دروستمان کردووە.
پابەندی هاوبەشمان بۆ مافەکانی مرۆڤ دەبێت بە بەردەوامی نەگۆڕبێت، تەنانەت لەکاتی دۆخی سەختی ئابووریشدا. بۆیە تاوەکو ئەوکاتەی کە هەرێمی کوردستان شوێنێک دەبێت کە مافەکانی مرۆڤ لە ریزی پێشەوە دادەنێت، دەبێتە نموونەیەک بۆ دراوسێیەکانی. هەروەها ئەو نموونەیە بە رۆشنترین شێوە دەدرەوشێتەوە ئەگەر لەڕووی سیاسییەوە بە یەکگرتوویی بمێنێتەوە. هەرێمی کوردستانێکی یەکگرتوو بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان و عێراق و جیهانیش باشە.
کاتی خزمەتم لێرە بەرزترین ئاست بووە لە پیشەکەم وەک دیپلۆمات، هەرگیز میواندۆستی گەرموگوڕی خانەخوێ کوردەکانم لەبیرناکەم. هەرچەندە زۆرجار وادەخوازێت کە دیپلۆماتەکان کاتی زیاتر لەگەڵ دەوڵەمەندان و دەسەڵاتداران بەسەربەرن، بەڵام هەرگیز لەوە زیاتر هەستم بەشکۆمەندی نەکردووە کاتێک لەگەڵ هاووڵاتییەکی #کوردی ئاسایی نانێکم دوولەت کردووە. زۆر سوپاس لە کانگای دڵەوە بۆ هەمووتان. لەکاتێکدا بیری جوانی شاخەکانی هەرێمی کوردستان دەکەم، لە شاخەکان زیاتر بیری گەورەیی خەڵکەکەی دەکەم.

بابەتی پێشتر

تورکیا..  بەتۆمەتی وتاردان بەکوردی 11 مەلا زیندانیكران

بابەتی دواتر

حکومەت نزیکەی چوار ملیار دیناری بۆ پرۆژەی ئاوی دوکانی کۆن – سلێمانی تەرخانکرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share