هێرشێك بۆسەر فڕۆكەخانەی هەولێر ئەنجامدرا

تەواو ڕوون نییە لەڕێی موشەكەوە بووە یان فڕۆكەی بێفڕۆكەوان

هێرشێك بۆ سەر فڕۆكەخانەی هەولێر ئەنجامدرا كە تەواو ڕوون نییە لەڕێی موشەك بووە یان فڕۆكەی بێفڕۆكەوان.

درەنگانی شەوی سێشەممە هێرشێك بۆسەر فڕۆكەخانەی هەولێر ئەنجامدرا و بەهۆیەوە كونسوڵخانەی ئەمریكا لە شارەكە زەنگی ئاگاداركردنەوەی لێدا.

بەپێی زانیارییە سەرەتاییەكان هێرشەكە پاش نیشتنەوەی فڕۆكەیەك و دابەزینی گەشتیارەكانی بووە و دەوترێت لەڕێی موشەكەوە بووە، ئەگەرچی بەدوورنازانرێت هاوشێوەی هێرشەكەی پێشوو لەڕێی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە بووبێت.

پەیجی دژە تیرۆری كوردستان بڵاویكردەوە، هێرشەكە لەڕێی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو ئەنجامدراوە و “هیچ زیانێکی گیانی و ماددی نەبووە، تەنها ئاگر لە پووش و پەڵاش کەوتووەتەوە و تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە سەرقاڵی کۆنتڕۆڵکردنین”.

بەڵام هەندێك پەیج و ئەكاونتی نزیك لە هێزەكانی حەشدی شەعبی دەڵێن، هێرشەكانی لەڕێی موشەك و سێ فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە ئەنجامدراون.

دوابەدوای هێرشەكە گەشتە ئاسمانییەكانی فڕۆكەخانەی هەولێر ڕاگیران.

بەرەبەیانی شەممەی ڕابردووتریش 26ی حوزەیران لەڕێی سێ فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە هێرشێك بۆسەر گوندێك نزیك شارۆچكەی پیرمام ئەنجامدرا.

بەر لەو هێرشەش جارێكی دیكە بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و دوو جاریش بە موشەك هێرشكراوەتەسەر هەولێر و ناوچەكانی دەوروبەری.

بابەتی پێشتر

پەرلەمانتارێكی هەدەپە ئازادكرا

بابەتی دواتر

(ڤیدیۆ) ئیتاڵیا ماراسۆنی ئیسپانیای بڕی و گەیشتە یاری کۆتایی یورۆ

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share