ئەمریکا سەرکۆنەی سوتاندنی بارەگای لقی پێنجی پارتی لە بەغداد دەکات

لۆگۆی حکومەتی ئەمریکا

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، بەتوندی سەرکۆنەی سوتاندنی بارەگای لقی پێنجی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغداد دەکات و ڕایگەیاند، ئەو چالاکییە تێکدەرانەی “گروپە چەکدارەکانی پاڵپشتیکراو لەلایەن ئێرانەوە” دەیکەن کێشەی تائیفی لە عێراق دروستدەکەن.

لە ڕاگەیەنراوێکدا کە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بڵاویکردەوە ڕایگەیاند، “ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سەرکۆنەی هێرش کردنە سەر بارەگای لقی بەغدادی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکات، لەلایەن لایەنگرانی هێزەکانی حەشدی شەعبییەوە کە ئێران پاڵپشتییان دەکات”.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، “ئازادی ڕادەربڕین و ڕەخنەگرتن لایەنێکی زیندوی دیموکراسییە، پێویستە لایەنە سیاسییەکان گفتوگۆی بونیادنەرانە و بەهێز بکەن دوور لە هەڕەشە و مەترسییەکانی میلیشیا و گروپە چەکدارەکان”.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، ” ئەو چالاکییە ناسەقامگیرانەی کە گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لە دەرەوەی دەسەڵاتی حکومەتی عێراق دەیکەن، ئاڵۆزییەکانی عێراق زیاتر دەکات و کێشەی تائیفی دروستدەکات”.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکردووە، “داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین بە بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە بکەن، لە کاتێکدا ئێستا عێراق ڕوبەڕووی ڤایرۆسی کۆرۆنا و قەیرانی دارایی بووەتەوە هەروەها هەڕەشەکانی داعشیش بەردەوامن”.

لەلایەکی دیکەوە نەتەوەیەکگرتووەکان لە ڕاگەیەنراوێکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر بڵاویکردەوە ڕایگەیاند، نیگەرانن لە سوتاندنی ئاڵای هەرێمی کوردستان و دەستدرێژییەکان بۆ سەر بارەگای لقی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغداد، دەشڵێت، “بەهەموو شێوەیەک کردەوەی توندوتیژی و تێکدەرانە رەتدەکەینەوە (ئەو کارانە هەرگیز چارەسەری ناکۆکییەکان ناکەن)، عێراق پێویستیی بە یەکگرتوویی و سەقامگیری و گفتوگۆ هەیە بۆ چارەسەری کێشەکان”.

دوێنێ شەممە 17ی تشرینی یەکەم، ژمارەیەك هاوڵاتی كە وەك “ئەندام و لایەنگری حەشدی شەعبی” خۆیان ناساندبوو، چوونە ناو باڵەخانەی لقی پێنجی پارتی دیموکراتی کوردستان و ئاگریان لە باڵەخانەکە و ئاڵای کوردستان بەردا، لەکاتێکدا كە هێزی ئەمنیی عێراقی، لە نزیک لقی پارتی بوون.

بابەتی پێشتر

ڕوداوەكەی سەڵاحەدین كازمی گەیاندە ئەو پارێزگایە

بابەتی دواتر

نیویۆرك.. هەوڵی كردنەوەی سینەماكان دەدرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share