بڕوخێ.. بڕانی كارەبا لە ئێران گەیشتە حاڵەتی وتنەوەی دروشم

لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا لە هەندێک شاری ئێران، لەوانە تاران و کەرەج، بەبێ ئاگادارکردنەوەی خەڵکی، زیاتر لە شەش کاتژمێر کارەبا بڕاوە و خەڵکیش توڕەن لەوەی بەبێ ئاگاداركردنەوەیان لە وەرزی هاویندا ئەو ماوە زۆرە کارەبایان بڕاوە.

لەگەڵ بڕانی کارەبادا بەرپرسانی کۆمپانیای ئاو و ئاوەڕۆی ئێران ڕایانگەیاندووە، “بەهۆی نەبوونی کارەباوە، لە ئێستادا 101 شاری ئێران لەژێر هەڕەشەی نەبوونی ئاودان.

هەر شارێک بەشێوازێکی جیاواز نیگەرانی و توڕەیی خۆی بەرامبەر نەبوونی کارەبا دەربڕی، ئەوەی جێگەی سەرنجی زیاتر بوو، وتنەوەی دروشم بوو لەلایەن دانیشتوانی یەکێک لە سیتییەکانی تاران، کە لە تاریكیی شەو و بێكارەباییدا بە وتنەوەی “مەرگ بۆ دیکتاتۆر، مەرگ بۆ خامنەیی” نیگەرانییان دەربڕی.

لە ئێران، وتنەوەی دروشم دژی ڕابەری شۆڕشی ئیسلامی، بە تاوان دادەنرێت و ساڵانە دەیان کەس لەسەر ئەو پرسە دادگایی دەکرێن.

ئەگەرچی بڕانی کارەبا تەنها لە تاران سەرنجی کەوتووەتەسەر، بەڵام لە شارەکانی دیکەی وەک (ئەهواز، ئەسفەهان، مەشهەد، زاهیدان، کرماشان، سمنان، زابل) کارەبا بڕاوە و خەڵکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نیگەرانیان دەربڕیووە.

تا ئێستا بە ڕاشکاوی هۆکاری كەمبوونەوەی کارەبا لەلایەن بەرپرسانی ئێرانەوە ڕووننەکراوەتەوە، بەڵام بە وتەی پێشووتری بەرپرسان، هۆکاری بڕینی کارەبا تەنها فشاری زۆرە لەسەر تۆڕەکان و بەپێی بڕیارێکی حکومەت کوژانەوەی کارەبا یەکێک بووە لە بژاردەکان بۆ کەمکردنەوەی فشار لەسەر تۆڕی کارەبا.

یەکێکی دیکە لەو هۆکارانەی کە حکومەتی ئێرانی پێ تۆمەتبار دەکرێت ئەوەیە، هەندێک لە سەرمایەداران بەهاوکاری حکومەت دەستیانکردووە بە دامەزراندنی “ناوەندی گەورەی بەرهەمهێنانی دراوی ئەلیکترۆنیی بیتکۆین”، ئەو پرۆسەیەش کارەبایەکی زۆر بەكاردەبات و بڕی پێدانی کارەبای بە خەڵکی کەمکردووەتەوە.

بابەتی پێشتر

 لە گوڵاڵە داعش پێنج گوندنشینی كورد و عەرەبی شەهیدکرد

بابەتی دواتر

لەم مانگەدا 11 چالاکوانی بادینان دادگایی دەکرێن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share