پارێزگاری هەولێر هۆشداری دەدات: مانگەكانی داهاتوو كەمئاوی زیاتردەبێت

پارێزگاری هەولێر لەبارەی کێشەی کەمئاوییەوە هۆشداری دەدات لەوەی لەمانگەكانی داهاتوو گرفتەكە زیاتر دەبێت، بەڵام چەند ڕێکارێکیشی ڕوونکردەوە، کە وەک بەشێک لە چارەسەر گرتوویانەتەبەر، یەكێكیان بریتییە لە هەڵگرتنی ڕۆتینەكانی لێدانی بیر و چاککردنەوەی بیرە لەکارکەوتووەکان.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، “ساڵانە لە وەرزی گەرمادا ڕوبەڕووی کێشەی کەمئاوی دەبینەوە، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی وشکەساڵییەوە، زووتر کاریگەرییەکانی دەرکەوتن، ساڵانی پێشوو لە ناوەڕاستی مانگی تەمموز و سەرەتای مانگی ئابەوە کەمئاوی دەستیپێدەکرد، بەڵام ئەمساڵ لە مانگی ئایارەوە کەمئاوی دروستبووە و لە مانگی حوزەیراندا زیاتربووە“.

پارێزگاری هەولێر هۆشداریشی دا لەوەی، “بەدڵنیایی لە مانگەكانی تەمموز و ئاب و ئەیلولیشدا کەمبوونەوەی ئاو و بەتایبەت ئاوی ژێرزەوی زیاتر دەبێت”، بەڵام دڵنیاییدا لەوەی هەموو ئامادەکارییەکیان کردووە بۆ گرتنەبەری ڕێکارە پێویستەکانی ڕوبەڕوبوونەوەی ئەو دۆخە.

ئومێد خۆشناو وتیشی، لیژنەیەک لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە بۆ دیراسەکردنی دۆخەکە بەسەرپەرشتیی جێگری سەرۆکی حکومەت پێکهێنراوە بۆ دیراسەکردنی دۆخەکە و بودجەی پێویستیش بۆ ئەو مەبەستە تەرخانکراوە، وەکو پارێزگای هەولێریش ژوورێکی عەمەلیاتیان پێکهێناوە لەهەموو بەڕێوەبەرایەتییە پەیوەندیدارەکان و لەهەفتەیەکدا سێ ڕۆژ کۆدەبنەوە، هەر 48 کاتژمێر جارێکیش دوای دیراسەکردن، ئەو شوێنانە دیاریدەکەن کە پێویستیان بە بیرلێدانە، یان ئەو بیرانەی بەهۆی کێشەی ماتۆڕ و کارەبا، یان بەهەر هۆیەکی دیكە بەکارناهێنرێن، چونکە ئێستا ژمارەیەک بیر بەهۆی ئەو گرفتانەوە بەکارناهێنرێن“.

خۆشناو ئاشكرایكرد، لەیەکێک لە ڕێکارەکاندا “بڕیارمانداوە بە کۆتاییهێنان بەسەرجەم ئەو ڕۆتینانەی بۆ چاککردنەوە یان لێدانی بیر پێویستبوو، ئێستا ئەوانە نەماون“.

جەختیشیکردەوە وەکو پارێزگای هەولێر ڕێگری لە زیادەڕۆیی ئاو دەکەن و هەر ئاوێکی زیادەڕۆ هەبێت دەیبڕن، هەروەها بەرپرسن لە دابینکردنی ئاوی خواردنەوە بۆ باخچەكان، بەڵام هەر باخچەیەک بەنایاسایی دروستکرابێت بەرپرسنین لە دابینکردنی ئاو بۆی.

سەبارەت بە ماڵەکان و شوشتنگەکانی ئۆتۆمبێل، پارێزگاری هەولێر وتی، ” شوشتنگەکان بەدواداچوونیان بۆکراوە و بڕیاردراوە لەکاتی مۆڵەتپێدانی هەر غەسلێک دەبێت ئامێری ڕیسایکلینی ئاو بۆ دووبارە بەکارهێنانەوەی ئاو دابینبکات، ئەوانەشی ئێستا کاردەکەن دەبێت ئەو ئامێرە دابنێن، ئەگەرنا غەسلەکە دادەخرێت“.

پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەکرد، هەولێر پشت بە دوو سەرچاوە بۆ دابینکردنی ئاو دەبەستێت، یەکەمیان ئاوی سەرزەوییە، کە ڕێژەی 35%ی ئاوی پارێزگاکە دابیندەکات، هەروەها ئاوی ژێرزەوی بەڕێژەی 65%.

بابەتی پێشتر

ڕیاڵ مەدرید بۆ یونایتد: گەوهەرەکەی هۆڵەندا و 60 ملیۆنمان دەوێت

بابەتی دواتر

ترینکاو (OUT)..بەرشلۆنە دەستبەرداربوونی بە دوو یاریزان بەخشیوە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

بەنزین گرانتر بوو

بەپێی ئەو زانیارییانەی لە بەڕێوەبەرایەتیی دابەشكردنی بەرهەمە نەوتییەكانی سلێمانییەوە بە تۆڕی میدیایی ئێستا دراون، ئەمڕۆ یەكشەممە نرخی بەنزین…
Total
0
Share