ئایا شەپۆلی سێیەمی کۆرۆنا هەرێم دەگرێتەوە؟

وەزارەتی تەندروستیی عێراق دەستپێکردنی شەپۆلی سێیەمی کۆرۆنای لە وڵاتدا ڕاگەیاند و وەزارەتی تەندروستیی هەرێمیش دەڵێت، “چاودێری ڕەوشەکە دەکەین”.

لەبارەی شەپۆلی سێیەمی کۆرۆنا لە هەرێم، سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێم لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ” ئێمە بە دوو شەپۆلدا تێپەڕبووین، لە شەپۆلی دووەمدا ماوەیەکە بەرە و چەماوەیەکی ئاسۆیی دەڕوات، لەگەڵ ئەوەش هۆشداری دەدەینە هەموو لایەک کۆرۆنا لە جیهاندا تەواو نەبووە، وڵاتانی زۆر پێشکەوتوو و زلهێز هۆشداری لە شەپۆلی سێیەم دەدەن و ئێمەش بەشێکین لە جیهان و مەترسییەکە دەمانگرێتەوە”.

وەزیری تەندروستیی هەرێم ئاشکرایکرد، ئەوان چاودێری ڕەوشەکە دەکەن و لە ئەگەری دەستنیشانکردنی ئاماژەکانی شەپۆلی سێیەم، ئەوا هاوڵاتیان ئاگادار دەکەینەوە و ئەوکات لە ڕێگەی ڕاگەیاندنی وەزارەت و ڕاگەیاندنەکانی هەرێمەوە خەڵکی ئاگادار دەکەنەوە.

وتەکانی سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێم، هاوکاتە لەگەڵ قسەکانی سەیف بەدر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق کە لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندبوو، “عێراق ڕوبەڕووی شەپۆلێکی نوێی کۆرۆنا بووەتەوە، کە مەترسیدارتر و توندتر دەبێت لە شەپۆلەكانی یەکەم و دووەمی ڤایرۆسەکە”.

داواشی کردبوو ڕێکارەکانی ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی شەپۆلە نوێكە بەباشی پەیڕەوبکرێت لە بەکارهێنانی ماسک و پاراستنی دووریی پێویست، هەروەها لەگەڵ وەرگرتنی ڤاکسین.

بابەتی پێشتر

چارەنووسی ئەو "تیرۆرستە" بیانیانەی لە گرتوخانەكانی عێراقدان ئاشكرادەكرێت

بابەتی دواتر

پارێزگاری هەولێر: دڵنیایی دەدەینە هاوڵاتیان هەولێر پارێزراوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share