هۆشیار زێباری داوای لێبوردنی نەکرد و بارەگای لقی پێنجی حزبەکەی سوتێندرا

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە لێدوانێکیدا دەستەی بەڕێوبردنی حەشدی شەعبی بە دەسەڵاتی داعش چواند و ئەمە لایەنگرانی حەشدی شەعبی توڕەکرد و هەر لەسەرەتاوە هاوپەیمانی فەتح بە سەرۆکایەتی هادی عامری خۆی کرد خاوەندی دۆسییەی ڕوبەڕوبونەوەی ئەو وتەیەی هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی.

هۆشیار زێباری قسەکەی لەسەر حەشد کرد و شەقامی شیعی بە توڕەی بەجێهێشت


چەند ڕۆژێک پێش ئێستا، هۆشیار زێباری ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی حوڕەی عێراقی ڕایگەیاند، “هەرێمی کوردستان لایەنگری ئەمریکایە و ئێستا حەشدی شەعبی وەک چۆن داعش پێشتر هەرێمی کوردبووە ئامانج ئێستا ئەوان دژی هەرێمی کوردستان وەستاون”.

ئەمە سەرەتای خۆشکردنی ئەو ئاگرەبوو کە لەکۆتاییدا بارەگای پێنجی پارتی دیموکراتی کوردستانی لە بەغداد سوتاند.

قەبارەی توڕەبوونی حەشد و لایەنگرانی کاتێک دەرکەوت کە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دانیشتنی ڕۆژی 14ی ئەم مانگەی بەهۆی ناکۆکی نێوان ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی پارتی دیموکراتی کوردستان و هاوپەیمانیی فەتح بۆ کاتێکی نادیار دواخست.

هاوپەیمانی فەتح داوایکردبوو کە هۆشیار زێباری دوای لێبوردن بکات، ئەگەرنا قسەکانی لەسەر حزبەکەی حساب دەکرێت.

کاتێک پارتی دیموکراتی کوردستان زانی لایەنگرانی حەشدی شەعبی توڕەن بە ناڕاستەوخۆ لەلایەن ئەندامێکی خۆیەوە کە ئەندامی شاندی دانوستانکاری نێوان پارتی و لایەنە عێراقییەکان بوو لە دوای ڕیفراندۆم ڕایگەیاند، “وتەکانی هۆشیار زێباری بۆچوونی خۆیەتی”.

بەنگین ڕێکانی لە تویتەری خۆیەوە ڕایگەیاند، “بۆچوونی پارتی لەسەر عێراق و لایەنگرانی حەشدی شەعبی تەنها لە سەرۆکی پارتەکە و وتەبێژ و سەرۆکی فراکسیۆنەکانەوە وەردەگیرێت”.

هاوپەیمانی فەتح و حەشدی شەعبی چۆن توڕەیی خۆیان لەسەر ئەم پرسە دەربڕی؟

سەرەتا هاوپەیمانی فەتح کە هادی عامری سەرکردایەتی دەکات بە هێرشێک بۆسەر مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان دەستیپێکرد، هاوپەیمانێتییەکە ڕۆژی 15ی ئەم مانگە ڕایگەیاند، “پلانێكی گەورە بە سەرۆكایەتیی بارزانی و كازمی و پشتیوانیی باڵیۆزخانەی ئەمریكا هەیە بۆ لاوازكردنی حەشدی شەعبی و كۆنترۆڵكردنی “ناوچە ڕزگاركراوەكان” لەلایەن كورد-ەوە.”

هاوپەیمانی فەتح و لایەنگرانی حەشدی شەعبی بەم هێرشەوە نەوەستان و لەسەر لێدوانێکی ئەندامێکی پارتی دیموکراتی کوردستان کە وتبووی حکومەتی عێراقی موچە دەداتە پەکەکە بەناوی حەشدی سەعبییەوە، هەر ئەوکات عەلی حسێن ئەندامی پەیوەندییە گشتییەکانی حەشدی شەعبی ڕایگەیاند، “لایەنێکی کوردی دەیەوێت ناوی حەشدی شەعبی خراپ بکات”.

ئەمڕۆ 17ی تشرینی یەکەم، کۆمەڵێک لە لایەنگرانی حەشدی شەعبی چونە سەر بارەگای لقی پێنجی پارتی لە بەغداد و سوتاندیان، سوتانی بارەگاکەی پارتی کاردانەوەی هەفتەیەک گرژییە لە نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و حەشدی شەعبیدا، بەتایبەت دوای ئەوەی حەشد داوایکردبوو زێباری داوای لێبوردن بکات، بەڵام هەم زێباری و هەم پارتەکەی بێدەنگ بوون.

بابەتی پێشتر

لایەنگرانی حەشدی شەعبی چوونە ناو بارەگای پارتی لە بەغداد و سوتاندیان

بابەتی دواتر

لاهور شێخ جەنگی: دەستبردن بۆ ئاڵای کوردستان هێڵی سورە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share