ئایا چەقۆ سەرقاڵی سەلماندنی وتەکەی ماکرۆنە لەبارەی ئیسلامەوە؟

دوای پێنج ساڵ لە هێرشی سەر نوسینگەی هەفتەنامەی شارلی هیبدۆ بە تۆمەتی سوکایەتیکردن بە پەیامبەری ئیسلام و کوشتنی 12کەس لە بەڕێوبەران و کاریکاریستەکان چەقۆکان تیژ دەکرێنەوە تا مل و جەستەی ئەوانە ببڕن کە بە وتەی ئیسلامییەکان دژایەتی دینەکەیان دەکەن.

لەماوەی پێنج ساڵدا ئیسلامییە توندڕەوەکان لە فەرەنسا چەقۆکانیان تیژکردووە تا بە وتەی خۆیان تۆڵەی ئەو سوکایەتییە بکەنەوە بەرامبەر ئیسلام دەکرێت، ئەم هەوڵانە کارێکی کرد ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا بڵێت “ئیسلام لە هەموو جیهان لە قەیراندایە”.

ئیسلامییەکان نایانەوێت قسەکان لەسەر ئیسلام بێ وەڵام بمێنێتەوە

بەهۆی هێرشەکانی ئیسلامییە توندڕەوەکانەوە وایلێهاتووە لەگەڵ هەر وتەیەک لەسەر دینی ئیسلام یان هەرکارێکی میدیایی پۆلیس چاوکراوە و ئامادەبێت بۆ ئەگەری ڕودانی هێرش بۆسەر ئەو گروپانە یان ئەو ناوەندەی باسی ئیسلامی کردووە.

لە نزیکترین ڕوداودا دوێنێ 16ی تشرینی یەکەم پۆلیسی فەرەنسا ئاشكرایكرد، هێزەكانیان خوێندكارێكیان كوشتووە كە چەند خوولەكێك پێش كوژرانی، مامۆستاكەی خۆی بە چەقۆ سەربڕیبوو.

“پۆلیس ئاشکرایکردووە لە خوێندنگەیەكی ئامادەیی لە كۆنڤلانت سانت ئۆنورین كە پەنجا كیلۆمەتر لە پاریس-ـەوە دوورە، مامۆستایەك وێنەی كاریكاتێری پێغەمبەری ئیسلامی نیشانی خوێندكارەكانی داوە و دوای تەواوبوونی وانەكە، یەكێك لە خوێندكارەكان كە تەمەنی 18 ساڵ بووە، بە چەقۆ هێرشیكردووەتە سەر مامۆستاكە و سەریبڕیووە”.

هێزەكانی پۆلیس دوای چەند خوولەكێك لە كوژرانی مامۆستاكە، خوێندكارەكەیان لە نزیك خوێندنگەكە بینیوە و ئەو چەقۆیەی بەدەستەوە بووە كە تاوانەكەی پێكردووە، بەدەم وتنەوەی “الله أكبر”ـەوە هەڕەشەی لە هێزەكانی پۆلیس كردووە، ئەوانیش تەقەیان لێكردووە و كوشتوویانە.”

ئەم ڕوداوە هاوشیوەی ڕوداوەکەی نیوەرۆی ڕۆژی 25 ی ئەیلولە، کە کەسێک لە نزیک نوسینگەی گۆڤاری چارلی هیبدۆ هێرشیکردە سەر خەڵکی و چوار کەسی بە چەقۆ بریندارکرد و یەکێک لە بریندارەکان گیانی لە دەستدا.

چارلی هیبدۆ قۆناغی دەستکردنەوەی ئیسلامییە توندڕەوەکانە لە فەرەنسا

لە ساڵی 2015 دا دوای بڵاوکردنەوەی چەند کاریکاتێرێک لەسەر پەیامبەری ئیسلام، دوو کەس بە ڕوپۆشی رەشەوە بە چەکی کلاشنکۆف هێرشیانکردە سەر نوسینگەی سەرەکی هەفتەنامەکە لە پاریس و 12کەسیان کوشت و 10کەسی دیکەیان بریندارکرد، لەناو کوژراوەکاندا دوو ئەندامی پۆلیس و سەرنوسەری هەفتەنامەکە و چوار کاریکاتێریست هەبوون.

ئەم ڕوداوە بووە هاندەری ئیسلامییە توندڕەوەکان لە فەرەنسا کە هەر قسەیەک لەسەر پەیامبەرەکەیان بێ وەڵام نەهێڵنەوە و ئەوەش ببێتە جۆرێک لەچاوترساندن بۆ هەر ناوەند و کەسایەتییەک کە قسە لەسەر ئیسلام بکات.

سەرەتای ئەم مانگە ئيمانوێڵ ماكرۆنی سەرۆكى فەرەنسا ڕایگەیاند، توندڕەوەكان دەيانەوێت سيستمێك دروست بكەن كە دوربێت لە كۆمەڵەى وڵاتانى ئەوروپى، بۆیە پێويستە بەرپەچیان بدرێتەوە و دەشڵێت، “ئايينى ئيسلام لە سەرتاسەرى جيهاندا بە قەيراندا تێپەڕ دەبێت.”

دوای سەربڕینی مامۆستاکە لەلایەن گەنجێکەوە کە تەمەنی 18 ساڵە ئایا فەرەنسا دەکەوێتە قۆناغێکی دیکەوە بۆ پێداچوونەوە بە مافی پەنابەری و پەروەردەی ئەو منداڵانەی لە خێزانێکی ئیسلامی لە دایک دەبن؟

بابەتی پێشتر

کەرکوک.. سەرکردەیەکی داعش کوژرا

بابەتی دواتر

لایەنگرانی حەشدی شەعبی چوونە ناو بارەگای پارتی لە بەغداد و سوتاندیان

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share