خالید شوانی: لیژنەیەكمان بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی ناوچە كوردستانییەكان پێكهێناوە

وه‌زیری هه‌رێم بۆ كاروباری په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غداد ڕایدەگەیەنێت، بۆ چارەسەرکردنی دۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لیژنەی باڵای دانوستان دروستکراوە و پڕۆژەیەکی هەمەلایەنیان ئامادەکردووە.

خالید شوانی، وه‌زیری هه‌رێم بۆ كاروباری په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غداد لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم ڕایگەیاند، حکومەتی هەرێم تایبەت بەوناوچانە لیژنەی باڵای دانوستانی دروستکردوە، ئەو لیژنەیە پڕۆژەیەکی هەمەلایەنیان ئامادەکردوە بۆ چۆنێتی دانوستان لەگەڵ حکومەتی عێراق سەبارەت بە چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر دوو ئاست.

ڕونیشیكردەوە، “یەکەمیان چارەسەری کێشەکانی تایبەت بە سەربازی و ئەمنی، کە لەوناوچانە ڕوودەدەن، هەروەها چۆنێتی ئاساییکردنەوەی بارودۆخەکە لە ئێستاوە تا هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق”.

خالید شوانی ئاماژەی بەوەشكرد، “ئێمە پێمان وایە غەدر لە پێهاتەی کوردی لەو ناوچانە دەکرێت و هاوسەنگی لەو ناوچانە نەماوە”.

ئاشكراشیكرد، لەگەڵ حکومەتی عێراقدا، چەندین کۆبوونەوەی جیاجیا کراوە، بە ئاڕاستەی ئاساییکردنەوەی بارودۆخی ئەو ناوچانە تا بگەنە چارەسەرێک بۆ دۆخی ئەو ناوچانە.

هەر لەكۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەدا جوان ڕۆژبەیانی، سەرۆکی لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم باسیلەوەكرد،”دۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان وای لێهاتوە کاندیدە کوردەکان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پێیان ڕاگەیاندوین ناتوانن بە ئازادانە بانگەشەی هەڵبژاردن بکەن لەو ناوچانەدا”.

بەوتەی جوان ڕۆژبەیانی، “تەعریب بەشێوەیەکی چڕوپڕ لەو ناوچانە بەردەوامە و ئەو بەڕێوەبەرە کوردانەی، کە ئێستا لە پۆستەکانیاندان بەشێکیان پێیان ڕاگەیاندون وایان لێهاتوە پۆستەکانیان بەجێبهێڵن”.

بابەتی پێشتر

(ڤیدیۆ) چیک بە بردنەوەی لە سکۆتلەندا پێش ئینگلتەرا کەوت

بابەتی دواتر

نۆڤاڤاكس.. ڤاكسینێكی دیكەی دژ بە كۆرۆنا ڕاگەیەنرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share