بافڵ تاڵەبانی: هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد هەم دایک و هەم مامۆستای وانەی ئازادی و مافی مرۆڤ بووە

بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتمانیی کوردستاندا، لە یادی لە دایکبوونی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدا دەڵێت، ” هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد بەتەنیا دایک نەبوو بۆ ئێمە، بەڵکو بەو رۆشنبیرییە فراوانەی لە مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەدەوە وەریگرتبوو وەک مامۆستایەک وانەکانی ئازادی، مافی مرۆڤ، یەکترقبوڵکردن و دیموکراسی فێردەکردین”.

پەیامی بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە یادی لە دایکبوونی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدا:

ئەمڕۆ یادی لەدایکبوونی یەکێک لە ژنە پێشمەرگە تێکۆشەر و خەباتگێڕەکانی کۆڕی خەبات و ئەرشیفێکی دەوڵەمەندی شۆڕش و سەرکردەیەکی کاریگەری کوردستان و عێراق دەکەینەوە. یادی لەدایکبوونی دایکێک دەکەینەوە کە گەنجێتی لە شاخ بەسەربرد و دوای راپەڕینیش باوەشی بۆ منداڵان و گەنجانی کوردستان کردەوە و شەڕی بۆ مافەکانی مرۆڤ و پێکەوەژیان و لێبووردەیی دەکرد.

هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد بەتەنیا دایک نەبوو بۆ ئێمە، بەڵکو بەو رۆشنبیرییە فراوانەی لە مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەدەوە وەریگرتبوو وەک مامۆستایەک وانەکانی ئازادی، مافی مرۆڤ، یەکترقبوڵکردن و دیموکراسی فێردەکردین.

لە هێرۆ خانەوە فێری ماندوونەناسی و هەوڵدان بووین لەپێناو ئامانجە باڵاکان و خزمەتکردنی کوردستانەکەمان.

هێرۆ خان زۆرباش لە گرنگی کایەی رووناکبیری و رۆژنامەنووسی تێگەیشتبوو، هەربۆیە هەمیشە پاڵپشت و هاندەرێکی سەرسەختی هونەرمەند، رۆشنبیر و رۆژنامەنووسان بوو. کارەکانیشی لەو بوارانەدا بۆ هەمیشە بە درەوشاوەیی دەمێنێتەوە و مێژوو بە شانازییەوە باسی دەکات.

ئەمڕۆ کە یادی خاتوو هێرۆی دایک و ژنە شۆڕشگێڕ دەکەینەوە، بەڵێن دەدەین بە پەندوەرگرتن لە مێژووی پڕشانازی ئەو ژنە سەرکردەیە بەردەوامبین لە خزمەتکردنی خەڵکی خۆشەویستی کوردستان و پاراستنی یەکێتییەکەی مام. هاوکار و هاندەری هونەرمەند، رۆشنبیر و رۆژنامەنووسان بین. گیانی تەبایی و یەکترقبوڵکردن زیندوو بکەینەوە و پێکەوە دەستلەناودەست لەپێناو سەربەرزی کوردستان و خەڵکەکەی کار بکەین.

تەمەنت درێژ و سایەوسێبەرت ھەمیشە بەسەرمانەوە بێت خاتوو ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد.

بافڵ تاڵەبانی

هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان دەستیگرت بەسەر کریستاڵی پێچراوە لەناو کەلوپەلی ئاینیدا

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی هەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد، دەستیان بەسەر بڕێک ماددەی هۆشبەردا گرتووە لە دەروازەی حاجی ئۆمەران…
Total
0
Share