خۆبەخشان دەکشێنەوە و ئۆڵۆمپیاد مەترسی هەڵوەشاندنەوەی لەسەرە

ڕێژەیەکەی زۆری خۆبەخشانی ئۆڵۆمپیادی تۆکیۆ کشاونەتەوە و ئەگەرێکی بەهێز هەیە بۆ هەڵوەشاندنەوە، یاخود سازنەکردنی بۆنە وەرزشییە جیهانییەکە.

بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئۆڵۆمپیدای تۆکیۆ، توسێرۆ موتۆ ئاشکرایکردووە، کە 10 هەزار خۆبەخش لە کۆی 80 هەزار خۆبەخش کشانەوەیان لە ئۆڵۆمپیادی 2020 ڕاگەیاندووە.

بە وتەی موتۆ، کشانەوەی بەشێک لە خۆبەخشەکان پەیوەندی بە زیادبوونی ڕێژەی توشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا و شەپۆلی چوارەم دەگەڕێتەوە کە وڵاتی ژاپۆنی گرتووەتەوە، بەشێکی دیکەش بەهۆی لێدوانە هەراسانکەرەکانی هاشیمۆتۆی سەرۆکی پێشووی لیژنەی ئۆڵۆمپی ژاپۆنی دەگەڕێتەوە، کە بەهۆیەوە لە پۆستەکەی دوورخرایەوە.

بەڕێوەبەرانی ئۆڵۆمپیاد ئاشکرایانکردووە، لە ئەگەری کشانەوەی زیاتری خۆبەخشان، هەروەها شکستی تیمی ئۆڵۆمپی وڵاتان لە گەشتکردن بۆ وڵاتی ژاپۆن، ئەگەر هەیە بۆنە جیهانییەکە لە 2021 سازنەکرێت.

لە پێشوودا ڕێکخەرانی بۆنە جیهانییەکە ئاماژەیانکرد، کە 23ی تەموزی 2021 واتا لە کات و وادەی دیاریکراودا پێشبڕکێکان دەستپێدەکەن، بۆ جێبەجێکردنی پڕۆتۆکۆلەکانی خۆپارێزیش، ڕێگە بە ئامادەبوونی هاندەران لە درەوەی ژاپۆن و شاندە وەرزشییەکان بەچڕی نادرێت، بەڵکو تەنها ئەو هاندەرانە ئامادەدەبن کە ژەمە ڤاکسینیان وەرگرتووە.

هەموو ئەمانە لە کاتێکدا ڕوودەدەن، کە ڕۆژنامەی “ئاساهی” سپۆنسەری ئۆڵۆمپیاد لە نوێترین ژمارەیدا، ئەنجامدانی ئۆڵۆمپیادی لە کاتی دیاریکراودا بە گەورەترین مەترسی بۆسەر وڵاتی ژاپۆن وەسفکردووە، داواشیانکردووە هەڵبوەشێنرێتەوە.

بابەتی پێشتر

بایرن میونشن گرێبەستێکی گەورەی پێشکەشی ئینتەر میلان کردووە

بابەتی دواتر

وەزارەتی کارەبا دوو وێستگەی دیکەی کارەبا دەخاتەگەڕ

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share