نرخی بەنزین بەرزتر بووەوە و پەرلەمانتارێكیش ئۆباڵەكەی دەخاتە ئەستۆی حكومەتی هەرێم

شارەكە توانای

جارێكی دیكە نرخی بەنزین لە شارەكانی هەرێم بەرزبووەوە، سەرۆكی لیژنەی سامانە سروشتییەكان دەڵێت، حكومەت بوارەكەی بۆ بازرگانان چۆڵكردووە و ئەوەش بازرگانانی دەستكراوە كردووە لە دیاریكردنی نرخ.

بەپێی بەدواداچوونەكانی تۆڕی میدیایی ئێستا ئەمڕۆ چوارشەممە نرخی بەنزین لە شارەكانی هەرێم بەرزبووەوە و نرخی لیترێك بەنزینی نۆرماڵ لە 650 دینارەوە بۆ 700 دینار، موحەسەن لە 700 دینارەوە بۆ 750 دینار و بەنزینی سوپەریش نرخەكەی گەیشتووەتە 850 دینار بۆ هەر لیترێك.

بەرزبوونەوەكە لەكاتێكدایە لەماوەی ڕابردوودا دوو جاری دیكە نرخی بەنزین بەبیانووی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە جیهان و بەرزی نرخی دۆلار زیادكرا، بەجۆرێك لەم ماوەیەدا بۆ هەر لیترێك نزیكەی 250 دینار زیادكراوە.

عەلی حەمەساڵح، سەرۆكی لیژنه‌ى وزه‌ و سامانە سروشتیه‌كان و پیشه‌سازى و بازرگانیی پەرلەمانی كوردستان بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، بەنزین و نەوت و سوتەمەنییەكانی دیكە لەلایەن حكومەتەوە دەستی لێبەردراوە بۆ بازرگانەكان و ئەوانیش لەگەڵ هەر جوڵەیەكی نرخی نەوت لە جیهاندا بەرهەمەكەی گران دەكەن.

وتیشی، “بازرگانەكان بەنزین لە دەرەوە دەهێنن و لەناوەوە تێكەڵی دەكەن و دەیفرۆشنەوە، ئەگەر حكومەت ڕۆڵی لە دیاریكردنی نرخەكەیدا بگێڕایە، ئێمەش وەك لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەكان ڕۆڵ و كاریگەریمان لە چاودێری و بەدواداچوونیدا دەبوو”.

بە وتەی سەرۆكی لیژنەی سامانە سروشتییەكان بۆ ڕێگری لە بەرزكردنەوەی نرخی بەنزین لە دەست حكومەتدایە كە پێویستە حكومەت دەستێوەردان بكات و ئەوەشی خستەڕوو، “ئەگەر پاڵاوگە گەورەكانی وەك بازیان، قەیوان و لالاس بۆ حكومەتی هەرێم كاریان بكردایە و بەرهەمیان بخستایەتە بازاڕەوە، ئەوكات بەدڵنیاییەوە كاریگەری دەبوو”.

ئاشكراشیكرد، “بەڵام لەئێستادا حكومەت لەو پرسەدا تەنها ئەركی وەرگرتنی گومرگە لە خاڵە سنوورییەكان، ئەمەش بازرگانەكانی دەستكراوە كردووە لە دیاریكردنی نرخ و بەرز و نزمكردنەوەی”.

بابەتی پێشتر

دادگای فیدراڵی لەبارەی كاری ئەنجومەنی پارێزگاكانەوە بڕیارێكی نوێی دەركرد

بابەتی دواتر

قوباد تاڵەبانی بۆ ڕەوتی سەدر: دە‌بێت کێشەکان پێکەوە چارەسەربکەین

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

کارەبای سلێمانی لە بارەی وەرگرتنی پێوەری کارەباوە هاوڵاتییان ئاگاداردەکاتەوە

بەشی رۆژهەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی دابەشکردنی کارەبای سلێمانی ئاگاداری دانیشتووانی گوندەکانی سنووری بەڕێوەبەرایەتییەکەیان دەکات و دەڵێت، “هەر هاوڵاتییەک پێوەری نەبێت…
Total
0
Share