گەورەترین کەشتیی سەربازیی ئێران ئاگریگرت و نوقمبوو

هێزی دەریاوانیی ئێران ڕایگەیاند، شکستیان هێناوە لە کوژاندنەوە و کۆنترۆڵکردنی ئەو ئاگرەی لەسەر کەشتییەکی سەربازیی کەوتبووەوە، بەوهۆیەوە کەشتییەکە نوقمبووە، بەڵام سەرجەم ئەندامانی تیمی ناو کەشتییەکە ڕزگارکراون.

ئاژانسی فارس نیوز لە زاری هێزی دەریایی وڵاتەکەیەوە بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ کاتژمێر 2:25 خولەک، لە نزیک بەندەری جاسک ئاگر لەناو کەشتییەکی سەربازیی ئێران کەوتووەتەوە، بەرلەوەی کەشتییەکە نوقم ببێت، سەرجەم ئەندامانی تیمی ناو کەشتییەکە ڕزگارکراون.

ئەو کەشتییە سەربازییەی ئێران ناوی خارک-ە، گەورەترین كەشتیی سەربازیی ئێرانە، ئەرکی ڕاهێنان و دابینکردنی پاڵپشتی و سووتەمەنی بووە بۆ کەشتییە سەربازییەکانی سەربە هێزی دەریایی ئێران.

ئەو ناوچەیەی کەشتییەکەی تێدا نوقم بووە، لەنزیک بەندەری جاسکی ئێران لە دەریای عوممان نزیک بەندەری هورمز.

پێشتر لە مانگی نیسانی ڕابردوودا ئێران ڕایگەیاند، کەشتییەکی لە دەریای سوور کراوەتە ئامانج، كە بەوتەی تاران، هێزەکانی کۆماندۆی ئیسرائیلی بۆمبی موگناتیسییان لكاندووە بە کەشتییەکەوە.

هەمانکات ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لەزاری سەرچاوەیەکی بەرپرسی ئەمریکییەوە بڵاویکردەوە، ئیسرائیل ئاگادارکردنەوەی داوە بە ئەمریکا، کە کەشتییەکی ئێرانیی کردووەتە ئامانج، ئەمەش لە تۆڵەی ئەوەی ئێران پێشتر هێرشێکی بۆسەر یەکێک لە کەشتییەکانی ئیسرائیل ئەنجامدابوو.

لە 11ی ئایاری 2020یشدا ئێران ڕایگەیاند، دوای ئەوەی کەشتییەکیان لەکاتی ڕاهێنانە سەربازییەکاندا لەلایەن کەشتییەکی دیکەی ئێرانییەوە هێرشی کراوەتەسەر، بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لەسەر كەشتییە بەئامانجگیراوەكە، 19 کەس گیانیانلەدەستدا و 15ی دیکە برینداربوون.

بابەتی پێشتر

ڤاكسینی "هەژاران" مۆڵەتیپێدرا

بابەتی دواتر

پێشمەرگە و هاوپەیمانان لە نزیك كفری چەند چەكدارێكی داعش دەكوژن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share