بافڵ تاڵەبانی: ڕێگەنادەین لە پرۆسەی یەكگرتنەوەی هێزەكانی پێشمەرگەدا بەرژەوەندی حزبی زاڵبکرێت

ھاوسەرۆکی یەکێتی ڕایدەگەیەنێت، ڕێگەنادەن لە پرۆسەی یەكگرتنەوەی هێزەكانی پێشمەرگەدا بەرژەوەندی حزبی زاڵبکرێت و دەبێت لە یەکگرتنەوەیان بنەماکانی یەکسانی، دادپەروەری و نیشتمانی ڕەچاو بکرێت.

بافڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەمڕۆ دووشەممە سەردانی فەرماندەیی ھێزەکانی حەفتای کرد و لەلایەن مستەفا چاوڕەش، فەرماندەی ھێزەکانی حەفتا و ژمارەیەک فەرماندە و پلەباڵای سەربازی پێشوازی لێکرا.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێكی نوسینگەكەی، لەکۆبوونەوەیەکدا بافڵ تاڵەبانی تیشکی خستەسەر دوایین پەرەسەندنە سیاسی و ئەمنییەکان و ھەڵوەستەی کرد لەسەر بارودۆخی سەربازیی ئەمدواییەی بەغداد و چۆنییەتی ڕوبەڕوبوونەوەی پاشماوەکانی تیرۆریستانی داعش و ھەوڵەکانی یەکخستنەوەی ھێزی پێشمەرگە.

لەبارەی یەکگرتنەوەی ھێزەکانی پێشمەرگە و پێشخستنی توانا سەربازییەکان و پێداچوونەوە بە پەیکەری یەکە سەربازییەکان، ھاوسەرۆکی یەكێتی جەختی لەوەکردەوە یەکێتی پاڵپشتی و ھاوکاری سەرخستنی ئەم ھەنگاوە نیشتمانییە دەکات و دەیانەوێت ھێزێک بونیادبنێنەوە، کە لەئاست گۆڕانکارییە ئەمنی و سەربازییەکان بێت، لەڕووی نەتەوەییشەوە ببنە خاوەنی ھێزێکی پڕچەکی، تۆکمە و ڕاهێنراو، کە بەرژەوەندییە گشتییەکانی خاک و وڵات بپارێزێت.

بافڵ تاڵەبانی جەخت لەوەشدەكاتەوە،” لەگەڵ ئەم ھەنگاوانەش ڕێگەنادەین لەم پرۆسە نیشتمانییەدا بەرژەوەندی حزبی زاڵبکرێت و ناھاوسەنگی دروستبکرێت، دەبێت لە یەکگرتنەوەی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان بنەماکانی یەکسانی، دادپەروەری و نیشتمانی ڕەچاوبکرێت”.

ھەر لەکۆبوونەوەکەدا بافڵ تاڵەبانی فەرماندەی ھێزەکانی حەفتای بەرچاوڕوونکرد لە سیاسەتی نوێی ڕوبەڕوبوونەوەی تیرۆر و چەند ڕاسپاردە و بڕیارێکی دەرکرد، لەپێناو سەقامگیری زیاتری ئاسایش و ئارامی لە ھەرێم بەتایبەت ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، کە بۆشایی ئەمنیی تێدایە و لەئێستادا لەچوارچێوەی ژووری ھاوبەشی ئۆپەراسیۆن لەگەڵ ھێزە عێراقییەکان ھەماھەنگی دەکرێت و بەرنامە و پلان بۆ ئارامی زیاتر لەو سنوورانە دادەنرێت.

هەر بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، سەبارەت بە ژیان و گوزەرانی ھێزەکانی پێشمەرگە و دواکەوتنی موچەی چەند لیوایەکی ھاوبەش، ھاوسەرۆکی یەکێتی نیگەرانی خۆی دەربڕی و وتی، “لەڕێگەی نوێنەرەکانمانەوە لە حکومەت داوامانکردووە ئەم کێشەیە بە خێرایی چارەسەربکرێت و ڕێگەنەدرێت ژیان و قوتی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان بخرێتە ناو کێشمەکێش و ململانێکانەوە”.

لە درێژەی سەردانەکەدا بافڵ تاڵەبانی بارەگای دەزگای ھەواڵگریی پێشمەرگەی بەسەرکردەوە و لەنزیکەوە بەدواداچوونی بۆ چۆنییەتی بەڕێوەچوونی کاروبارە سەربازی و ھەواڵگرییەکان کرد.

لەبەرامبەر ماندووبوون و ڕۆڵی دەزگاکەش لەپاراستنی ئاسایش و ئارامی ھەرێمدا، سوپاس و دەستخۆشی لە جەلال شێخ ناجی، لێپرسراوی دەزگای ھەواڵگری پێشمەرگە و ئەفسەران و کارمەندانی دەزگاکە کرد، کە لەخۆبووردووانە لەئەرکدان و ھاوکار و پشتیوانی ھێزەکانی پێشمەرگە، ئاسایش، ناوخۆ و ھێزەکانی دژەتیرۆرن و وەک یەک تیم بۆ پاراستنی سەروماڵی هاوڵاتییان کاردەکەن.

 

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

تەندروستیی سلێمانی: مانگی رابردوو زیاتر لە 26 هەزار نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەی شاریان کردووە

تەندروستیی سلێمانی، رایگەیاند، مانگی رابردوو زیاتر لە 26 هەزار نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەی شاریان کردووە. بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی،…
زیاتر ببینە

نەرمین مەعروف: کورتهێنانی بودجە زیاترە لە 64 تریلیۆن دینار و بەرمیلێک نەوت بە 80 دۆلار خەمڵێندراوە

ئەندامێکی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، کورتهێنانی بودجە زیاترە لە 64 تریلیۆن دینار و بەرمیلێک نەوت بە…
Total
0
Share