زیاد جەبار: نەبوونی بودجە یەكێكە لە لاوازییەكانی حكومڕانیی هەرێم

سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، نەبوونی بودجە یەكێكە لە لاوازییەكانی حكومڕانی و دەشڵێت، حكومەتی هەرێم دەیەوێت دوو موچەی دواكەوتووی ئەمساڵ لەو پشكە بدات كە لە بەغدادەوە نەهاتووە.

زیاد جەبار، سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان و سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی ئێستا ڕایگەیاند، یاسای بودجە لە هەموو حكومەتێكدا گرنگترین یاسایە، “هەر حكومەتێك بودجەی نەبێت لاوازترین خاڵی حكومڕانییە”.
سەرۆكی لیژنەی دارایی وتیشی، “ئەوە نزیكەی حەوت ساڵە بودجە نییە، حكومەت بیانوی هەیە كە پشكی هەرێم لە بودجەی عێراق بڕاوە”.
زیاد جەبار ئەوەشی خستەڕوو، وەك فراكسیۆنی یەكێتی لەم وەرزی نوێی یاسادانانەدا یەكێك لە ئەولەویەتی بەرنامەی ئەوان، پرسی ناردنی بودجەیە و بۆ ئەوەش لە 1ی ئەیلول یاداشتێكیان داوەتە سەرۆكایەتیی پەرلەمان و نێردراوە بۆ حكومەت كە تیایدا داوایانكردووە پڕۆژەیەك بنێرێت بۆ ئەوەی یاسای بودجە هەبێت.
سەبارەت بە پرسی موچە و تاووتوێكردنی لە كۆبوونەوەی دوێنێ سێشەممەیاندا لەگەڵ ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی، سەرۆكی لیژنەی دارایی وتی، بەپێی وتەی وەزیری دارایی سەبارەت بەو دوو موچەیەی ئەمساڵ دواكەوتووە و حكومەتی هەرێم چاوەڕوانە بگەنە ڕێككەوتنی كۆتایی لەگەڵ حكومەتی عێراق و لەو سێ مانگەی پشكی هەرێم كە لەلایەن بەغدادەوە نەنێردراوە تا كۆتایی ئەمساڵ بنێردرێت و موچەی ئەو دوو مانگەی پێ خەرجبكرێت.
سەبارەت بە پاشەكەوتی موچە و بڕینی ڕێژەی 21% یان 18%ی موچەی فەرمانبەرانیش زیاد جەبار ئەوەی وت، ئەو پارانە ئیلتیزامی داراییە و لە ئەستۆی حكومەتی هەرێمدایە.
سەبارەت بە وەرگرتنەوە و چاوەڕوانی فەرمانبەرانیش لەو ڕووەوە وتی، “پاشەكەوتی موچە چەندێك چاوەڕوان دەكرێت ئەو 21% بەهەمان شێوەیە”.
دەربارەی سەردانی ماوەی ڕابردووشیان بۆ خاڵە سنوورییەكان ڕاپۆرتەكەیان لەو ڕووەوە سەرۆكی لیژنەی دارایی ڕوونیكردەوە، ڕاپۆرتێكی پیشەییانەیان پێشكەشكردووە كە تیایدا كەموكوڕی لە خاڵە سنوورییەكان دیاریكراوە و پێشنیاریشیان پێشكەشكردووە.
وتیشی، كۆمەڵێك تێبینییان هەبووە لەوانە 23 كۆمپانیا لە سەرجەم خاڵە سنوورییەكاندا هەن كە كۆمپانیای كەرتی تایبەتن و ئەوەی مایەی تێبینییان بووە ئەوەیە كە بڕێكی زۆری داهاتی سنوورەكان دەگەڕێتەوە بۆ كۆمپانیاكان و بڕێكی كەمی دەگەڕێتەوە بۆ حكومەتی هەرێم.
ئاماژەی بەوەشكرد، بەخشینی گومرگی و یاسای وەبەرهێنان و یاسای گەشەپێدانی پیشەسازی كە لە ڕابردوو كراون، ئێستا قۆناغێكی جیاوازە و پێویستە هەمواربكرێنەوە.

دەقی چاوپێكەوتنەكە:

بابەتی پێشتر

هونەرمەندی میسری مەحمود یاسین كۆچی دواییكرد

بابەتی دواتر

ڕۆژنامەیەكی ئەمریكی: توركیا سەدان چەكداری دیكەی سوری دەنێرێت بۆ قەرەباغ

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share