ناوەندی ڕاگەیاندنی هەپەگە سوتاندن بڕینەوەی دارەكانی دارستانەكانی باشوور لەلایەن توركیاوە دووپاتدەكاتەوە، دەڵێت، لەڕێگەی چەتە و جاشەكانیەوە ئەنجامیدەدات، “پێویستە کەس نەبێتە هاوبەشی دەوڵەتی تورک بۆ تاڵانکردنی جوگرافیای کوردستان، بەهۆی ئەوەی ئەم تاوانە بێ سزا نامینێتەوە”.
شەوی ڕابردوو ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەكانی پاراستنی گەل – هەپەگە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە، دەڵێت، “دەوڵەتی داگیرکەر و مشەخۆری تورک، لەگەڵ هەوڵە داگیرکەرانەکانیدا، بێ وەستان جوگرافیای کوردستان بۆردومان دەکات و هەموو دارستانەکانی دەسوتێنێت و دارەکانی دەبڕێت، بەتایبەتیش لەم دواییانەدا، لە هەرێمەکانی مەتینا، زاپ، ئاڤاشین و مەیدانەکانی دۆڵی شێخ جومعە و شەهید مزگین لە هەرێمی خەرزانی بەدلیس”.
هەپەگە ئاشكراشیكردووە، توركیا لەڕێگەی “چەتە” و “کۆنتراکان – جاشەكان”یەوە دارەکان دەبڕێت، “دەوڵەتی داگیرکەری تورک دژی گەلی کورد تاوانی قڕکردن ئەنجامدەدات، هاوکات بە تاڵانکردنی سروشتی کوردستان تاوانی گەورە دەکات، بەهۆی ئەوەی ئەم تاوانە بێ سزا نامینێتەوە، پێویستە کەس نەبێتە هاوبەشی دەوڵەتی تورک بۆ تاڵانکردنی جوگرافیای کوردستان”.
پێشتریش رێڤینگ هروری سەرۆکی لێژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان لە لێدوانێكی میدیاییدا ئاشكرایكردبوو، توركیا لەو ناوچانەی لە هەرێمی كوردستان ئۆپەراسیۆن ئەنجامدەدات، دارستانەكان دەبڕێتەوە و سروشتی گوندەكانی كوردستان لەناودەبات.
ئاشكراشكراوە، توركیا كۆمپانیای تایبەتمەندی هێناوە بۆ بڕینەوەی دارەكان و دواتر گواستنەوەی بۆ توركیا بۆ فرۆشتنەوەی.