بافڵ تاڵەبانی: نابێت بەناوی یاساوە سنوورەکانی کاری ڕۆژنامەوانی بەرتەسکبکرێتەوە

لە کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندێکی یەکێتی بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایگەیاند، نابێت بەناوی یاساوە سنوورەکانی کاری ڕۆژنامەوانی بەرتەسکبکرێتەوە و لەگەڵ سزادانی سیاسی نەبووین و نابین، ناشمانەوێت گەنجەکانی بادینان ببنە قوربانی مەرامی سیاسی و لە هەوڵەکانمان بەردەوامین لەپێناو ئازادکردنیان.

ئێوارەی ئەمڕۆ 27ی ئایار، بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ مارتن هووس، باڵیۆزی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق و ڤێنسنت گیووم پۆپۆ، بەرپرسی نووسینگەی یەکێتیی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان کۆبوویەوە.

بافڵ تاڵەبانی بەڕوونی گۆشەنیگای یەکێتی لەبارەی ئازادی و ئازادی رادەربڕین خستەڕوو و ئاماژەی بەوەکرد یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەرەتاوە لەسەر بنەمای ئازادی و ئازادی رادەربڕین دامەزراوە و یەکێک لەکۆڵەکەکانی بونیادی یەکێتی، رەخنە و رەخنە لەخۆگرتن و رەخساندنی زەمینەی لەبار بووە بۆ نووسەر و رۆژنامەنووسان. نابێت بەناوی یاساوە سنوورەکانی کاری رۆژنامەوانی بەرتەسک بکرێتەوە و دژی هەموو رێگری و سنووردارکردنێکی کارەکانی ئەو توێژە گرنگەی کۆمەڵگاین.

بافڵ تاڵەبانی وتیشی، “داوا لە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دەکەین لەبەرامبەر دۆسییەی سزادراوانی بادیناندا دەسەڵاتی خۆی بەکاربهێنێت و دەبێت بەھەموومان رێگری لەم پێشهاتە مەترسیدارە بکەین کە لەئەگەری بەردەوامبوونیدا ناوبانگی ھەرێمەکەمان لەکەداردەکات”.

ھاوسەرۆکی یەکێتی راشیگەیاندووە، یەکێتی لەگەڵ بوونی میدیایەکی ئازاد و بوێردایە، چونکە پێمانوایە ئەزموونی دیموکراتی ھەرێم و ئەم کۆمەڵگایەی شانازی پێوەدەکەین بەستراوەتەوە بە دەنگی ئازاد و میدیای ئازاد و ئازا، کە بۆ ئەوەش ھەموو ھەوڵێکمان روو لە ڕەوینەوەی ئەو بۆچوونانەیە کە لەسەر ئاستی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی باس لە بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکان دەکەن.

هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکە بوو و هاوسەرۆکی یەکێتی رایگەیاند، یەکێتی لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنە لەکاتی خۆیدا و پێویستە هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد بە چاودێری رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بەڕێوەبچێت.

بابەتی پێشتر

یەکێک لە یەکەمەکانی زانکۆی سلێمانی لە ڕێگەی گەیشتن بە ئەوروپا گیانی لە دەستدا

بابەتی دواتر

ڕاگەیەندراوی سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق لەبارەی دۆخی ئەمنییەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share