وەزیری كۆچ لەبارەی گەڕاندنەوەی خێزانەكانی كەمپی هۆل دڵنیایی دەدات

بەشی زۆریان ژن و منداڵن

وەزیری كۆچی عێراق ڕایدەگەیەنێت، 94 خێزان لە كەمپی هۆلەوە گەڕێندراونەتەوە و دەشڵێت، گەڕاندنەوەكەیان پاش تەواوكردنی ڕێكاریی ئەمنی بووە.

ئیڤان فایەق، وەزیری كۆچ و كۆچبەران ڕایگەیاند، گەڕانەوەی خێزانە ئاوارەبووەكانی كەمپی هۆڵ بۆ ناوچە بنەڕەتییەكانیان لە موسڵ درێژەی هەیە و هەنگاوێكی نوێ نییە.

وتیشی، “دواكەوتنی گەڕانەوەی خێزانەكان لە كەمپەكەوە دەگەڕێتەوە بۆ تەرخانی دارایی و پێداچوونەوەی ئەمنی و پەتای كۆرۆنا، ئەو هۆكارانە ڕێگربوون لە بابەتەكەدا”.

ئیڤان فایەق ئەوەشی خستەڕوو، دەزگا ئەمنییەكان پێداچوونەوە ئەمنییەكانیان دەستپێكردووەتەوە و ئەركی وەزارەتەكەشیان ئەوەیە ئەوانەی دەگەڕێنەوە بۆ عێراق بگەیەنێتە ئەو كەمپانەی تەرخانكراون، لەكاتێكدا پێشتر لەگەڵ گەڕانەوەیاندا تێكەڵ بە كۆمەڵگا و ناوچە بنەڕەتییەكانیان دەكرانەوە.

لەگەڵ گەڕانەوەشیاندا پشتیوانی و ئامادەسازی دەروونی و بەرنامەی تایبەت كە لەلایەن وەزارەتی كۆچ و ڕاوێژكاریی ئاسایشی نەتەوەیی بە هەماهەنگی ڕێكخراوە نێودەوڵەتییە تایبەتمەندەكان بۆ خێزانە گەڕاوەكان فەراهەمدەكرێت، وەك ئەوەی وەزیری كۆچ ئاماژەی پێدا، ئەمەش بۆ سەقامگیركردنیان لە كەمپەكان و دواتریش كاركردن لەڕێی ئەو بەرنامانەوە بۆ تێكەڵكردنەوەیان لەگەڵ كۆمەڵگا.

ئاشكراشیكرد، ژمارەی خێزانە گەڕاوەكان 94 خێزانە كە زۆرینەیان خەڵكی موسڵن و بەشی زۆریان ژن و منداڵن، لەگەڵ ژمارەیەكی زۆر كەمی پیاو.

كامپی هۆل.. “منداڵدانی بەرهەمهێنانی نەوەیەكی نوێی داعش”

پێشتر غەیاس سورچی بەرپرسی پەیوەندییەكان و ڕاگەیاندنی مەڵبەندی موسڵی یەكێتی بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، بەشێك لەو خێزانانەی چەكدارانی داعش، لە چەند كەمپێكی سنووری ئیدارەی هەرێمی كوردستان دادەنرێن، بەشێك لەو خێزانانەش كوردن.

کامپی هۆل لە ڕۆژئاوای كوردستانە، نزیكەی 70 هەزار كەس لە خێزانی چەكدارانی داعشی لێیە، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر گلەیی ئەوەی هەیە، كە چیتر ناتوانێت بەردەوام بێت لە پاراستنی كامپەكە و هاوكارییە نێودەوڵەتییەكانیش وەك پێویست نین بۆ بەڕێوەبردنی.

بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر داواش لە وڵاتان دەكات ئەو خێزانانەی ئەندامانی داعش ببەنەوە وڵاتەكانی خۆیان، بەڵام زۆرێك لە وڵاتان هیچ هەنگاوێكیان لەو بارەیەوە نەناوە.

لە ساڵی ڕابردوودا كامپەكە بەردەوام ڕووداوی کوشتنی بەخۆوە بینیوە، لەسەرەتای ساڵی 2021دا ژمارەی تاوانەکانی کوشتن لە کامپەكە گەیشتە 32 کەس، هەروەها بەشێك لە خێزانانی ئەندامانی داعش هەوڵی هەڵاتنیان دا لە كامپەكە.

بابەتی پێشتر

بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی وشكەساڵی بۆردێك بە سەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی دروستدەكرێت

بابەتی دواتر

كازمی ڕاگەیەنراوێك لەبارەی دۆخی بەغدادەوە بڵاودەكاتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share