فەرمانبەر و كارمەندانی سەربازی ڕێگەیان پێنادرێت.. كاری تاكسی لە هەرێم ڕێكدەخرێتەوە

لە ساڵی 2019وە تایبەت بە ڕێكخستنی كاری تاكسی بڕیاری لەسەر دراوە

كارەكانی لێدانی لەزگە و لۆگۆ و كارتی زانیاری بۆ ئۆتۆمبێلی تاكسی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەكانی هاتوچۆ دەستپێدەكاتەوە، وتەبێژی هاتوچۆی هەولێریش دەڵێت، هەنگاوەكە بۆ ڕێكخستنەوەی كاری تاكسییە و مەرجەكانیش ئاشكرادەكات.

لێدانی لەزگە و لۆگۆ و پڕكردنەوەی كارتی زانیاری تایبەت بە كاری تاكسی لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان دەستیپێكردەوە، كە لە ساڵی 2019وە تایبەت بە ڕێكخستنی كاری تاكسی و شۆفێرانی ئەو هۆكارەی گواستنەوەی گشتی، بڕیاری لەسەر دراوە.

فازڵ حاجی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، لەمڕۆوە تا 1ی ئابی داهاتوو دیاریكراوە بۆ ئەنجامدانی ئەو ڕێكارانە و هەر شۆفێرێك لەو ماوەیەدا سەردان نەكات و ڕێكارەكان جێبەجێ نەكات، لەدوای ئەو بەروارەوە تاكسییەكەی دەستی بەسەردادەگیرێت.

وتیشی، “مەبەست لەو كارە بۆ ڕێكخستنەوەی كاری تاكسییە، بۆ نمونە لە هەولێر، كە زیاتر لە 37 هەزار تاكسی هەن، پێویستە ڕێكخستنەوەیەك لە كارەكەدا هەبێت، بەجۆرێك بەردەوام لە جوڵەدا نەبن، بەسەر چەند زۆنێكدا دابەشبكرێن، هێڵەكانی دەرەوە و ناوەوە لەیەكجیابكرێنەوە، هەروەها ئەوانەی شۆفێریی تاكسی دەكەن، كەسانی گونجاو و لێهاتووی بوارەكە بن”.

وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو ژمارە زۆرەی تاكسی كە هەن، ژمارەیەكی تەندروست نییە، بەپێی ستانداردی جیهانی بۆ هەردوو دوو ملیۆن دانیشتووان، دوو هەزار تاكسی پێویستە، بەڵام لە هەرێم كە هۆكارەكانی دیكەی گواستنەوەی گشتی كەمن، پێدەچێت چوار تا پێنج هەزار تاكسی پێویست بن، نەك 37 هەزار.

دەربارەی مەرجەكانی ئەو كەسانەش، كە ڕێگایان پێدەدرێت كاری شۆفێریی تاكسی بكەن، فازڵ حاجی ڕونیكردەوە، بەپێی بڕیارەكە فەرمانبەری مەدەنی لە پلەكانی یەك تا شەش بۆیان نییە كاری شۆفێری بكەن، فەرمانبەرانی پلەكانی حەوت تا 10 ڕێگەیان پێدەدرێت، هەروەها ئەو كارمەندانەی لە بواری سەربازییدان بەهیچ جۆرێك نابێت كاری شۆفێریی تاكسی بكەن.

سەبارەت بە ئۆتۆمبێلەكەش، پێویستە ساڵانەكەی بەسەرنەچووبێت و مەرجی توندوتۆڵییەكەی نوێ بێت، وەك بەشێكی دیكەی مەرجەكان كە فازڵ حاجی ئاماژەی پێدا.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەو ئۆتۆمبێلانەی سزای زۆریان لەسەرە، لەكاتی نوێكردنەوەی ساڵانەكەیدا، وەك ئاسانكارییەك بڕیاردراوە بڕی سزاكەیان بكرێت بە قیست و لەماوەی ساڵێكدا بە 12 قیست بیداتەوە.

بابەتی پێشتر

دیالۆگی لابردنی ماسكەكان.. 24مین فێستیڤاڵی گەلاوێژ دەستیپێکرد

بابەتی دواتر

قوباد تاڵەبانی: هەنگاو بگیرێتەبەر بۆ ڕێگری لەپەرەسەندنی حاڵەتەکانی کوشتن و خۆکوشتنی ژنان

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

ڕاگەیەندراوێك لە ئاسایشی سلێمانی- یەوە

ئاسایشی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، ئەمشەو زانیاریی لەبارەی دەستگیركردنی دوو مەفرەزەی تیرۆریستانی داعش لە سلێمانی بڵاودەكاتەوە. بەپێی ڕاگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی…
Total
0
Share