“هەفتەی داهاتوو شاندی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغداد دەکات”

دیمەنێك لە كۆبوونەوەكە

حكومەتی هەرێم كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە ڕەشنووسی یاسای بودجە ئەنجامدەدات و ئاشكراشیدەكات، “هەفتەی داهاتوو شاندی هەرێم سەردانی بەغداد دەكات”.

ئەمڕۆ دووشەممە كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە ڕەشنووسی یاسای بودجەی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2021 بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت بەڕێوەچوو.

بەپێی ڕاگەیەنراوێكی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، لە کۆبوونەوەکەدا، کە ژمارەیەک لە وەزیرە پەیوەندیدارەکان ئامادەی بوون، گفتوگۆ دەربارەی ڕەشنووسی یاسای بودجەی هەرێمی کوردستان و دوایین داتاکانی تایبەت بە خەرجی و داهاتەکانی هەرێم کرا و ئەگەرە جیاوازەکان بۆ داڕشتنی بودجە تاوتوێکران.

“جەخت لەوەکرایەوە کە پێویستە یاسای بودجە، ڕەنگدانەوەی شەفافانەی دۆخی دارایی هەرێمی کوردستان بێت. لەم چوارچێوەیەدا کۆبوونەوەکە، وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد کە دوایین تێبینی و سەرنجەکانیان لەسەر ڕەشنووسی یاساکە ئامادەبکەن بۆ ئەوەی لە ئایندەیەکی نزیکدا، ئەنجومەنی وەزیران ڕەشنوسی پڕۆژە یاساکە پەسەندبکات و پاشان بنێردرێت بۆ پەرلەمانی کوردستان” وەك ئەوەی لە ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە.

ئاماژەشدەدات، لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، باس لە جێبەجێکردنی یاسای بودجەی فیدراڵی عێراق بۆ ساڵی 2021 کرا کە “تائێستا شایستە داراییەکانی هەرێم بەپێی یاساکە خەرجنەکراوە سەرەڕای ئامادەيی هەرێم بۆ جێبەجێکردنی پابەندییەکانی خۆی”، بۆ ئەم مەبەستەش وەزیرە پەیوەندیدارەکان ڕاسپێردران کە لەگەڵ هاوتاکانیان لە حكومەتی فیدراڵ، لە پەیوەندی بەردەوام بن بۆ ئەم مەبەستە، “بڕیاریشە هەفتەی داهاتوو شاندی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغداد بکات” بۆ بەدواداچوونی جێبەجێکردنی یاسای بودجەی فیدراڵی.

بابەتی پێشتر

لە قەزای بەردەڕەش تەرمی ژنێک بە کوژراوی دۆزرایەوە

بابەتی دواتر

سێ وەزیر بانگهێشتی پەرلەمانی کوردستان دەکرێن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share