زانیاریی نوێی هەواڵگریی ئەمریكا گومان لەسەر چۆنێتیی بڵاوبونەوەی كۆرۆنا لە ووهان دێنێتەوە بەرباس

پێشتر تیمی ڕێكخراوی تەندروستی گەیشتە ئەو ئەنجامەی ئەگەرێکی دوورە ڤایرۆسەکە لە تاقیگەکانی ووهانەوە دزەیانکردبێت

زانیاریی نوێی هەواڵگریی ئەمریکا، دووبارە ئەگەری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە تاقیگەیەکی ووهان-ی چینەوە دێنێتەوە بەرباس، ڕۆژنامەیەكی ئەمریكی زانیارییە هەواڵگرییەكانی بڵاوكردووەتەوە و دەڵێت، لێدوانەكانی پێشووی دۆناڵد ترەمپ لەوبارەیەوە و تۆمەتباركردنی چین، لەو زانیارییە هەواڵگرییانەوە سەرچاوەی گرتووە.

ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە ڕاپۆرتێکی هەواڵگرییەوە بڵاویکردووەتەوە، سێ توێژەری چینی لە یەکێک لە تاقیگەكانی ووهان نەخۆشکەوتون، دواتر بۆ وەرگرتنی چارەسەر ناچاربوون لە مانگی تشرینی یەکەمی 2019دا بچنە نەخۆشخانە.

ڕۆژنامەکە باس لەوە دەکات، ئەو نیشانانەی لە سێ توێژەرە چینییەکەدا دەرکەوتووە، هاوشێوەی نیشانەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا و هەروەها پەتا وەرزییەکان بوون و توشبوونەكەش لەمانگی تشرینی یەکەمی 2019دا بووە، لەکاتێکدا پەکین یەکەم حاڵەتی سەرهەڵدانی ڤایرۆسەکە دەگەڕێنێتەوە بۆ مانگی کانونی یەکەمی 2019، واتا دوو مانگ دوای ئەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامە ئەمریكییەكە، ئیدارەکەی جۆ بایدن جەختی لەوەکردووەتەوە، هەوڵەکانیان بۆ لێکۆڵینەوە لە سەرەتا و چۆنێتیی سەرهەڵدانی ڤایرۆسەکە بەردەوامە، هەروەها نیگەرانیی وڵاتەکەی لە هەنگاوەکانی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی و سستیی لێکۆڵینەوەکان نیشاندەدات.

وۆڵ ستریت جۆرناڵ لێدوانێكی پێشووی نێد پرایس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكای بیرهێناوەتەوە، كە جەختیکردووەتەوە، وڵاتەکەی لەگەڵ ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی و ئەندامانی دیکەی ڕێکخراوەکە، بەردەوام دەبێت لە بەدواداچوون لەبارەی سەرهەڵدانی ڤایرۆسەکە و لێکۆڵینەوەیەکی وردی دوور لە دەستوەردان و بەسیاسیکردن دەکەن.

ڕۆژنامە ئەمریکییەکە، لەبارەی زانیارییە هەواڵگرییە نوێكانەوە، لەزاری بەرپرسێکی وڵاتەکەیەوە دەڵێت، “ئەو ڕاپۆرتە پێویستی بە لێکۆڵینەوە و چەسپاندنی زیاتر هەیە”، لەکاتێکدا بەرپرسێکی دیکەی ئەمریکی وتویەتی، “زانیارییەکان بەتەواوی دروستن”.

“ڤایرۆسی کۆرۆنا و پەتای وەرزی لە نیشانە سەرەتاییەکانی وەکو تا و سەرئێشە و بێهێزیدا هاوبەشن، بەڵام چوونی ژمارەیەک توێژەری تاقیگەیەکی ووهان بە هەمان نیشانەکانی کۆرۆناوە بۆ نەخۆشخانە، بە ماوەیەکی کەم بەر لە ڕاگەیاندنی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەکە بۆ یەکەمجار، جێگای پرسیارە”، ڕۆژنامەکە وادەڵێت.

وەزارەتی دەرەوەی چین ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند، تیمی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، دوای سەردانکردنی پەیمانگای ووهان بۆ زانستی ڤایرۆسەكان و کۆتاییهاتنی لێکۆڵینەوەکان، گەیشتنە ئەو ئەنجامەی ئەگەرێکی دوورە ڤایرۆسەکە لە تاقیگەکانی ووهانەوە دزەیانکردبێت.

بەڵام وەزارەتی دەرەوەی چین نیگەرانە لەوەی، “ئەمریکا سوورە لەسەر پڕوپاگەندەی دزەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە تاقیگە پزیشکییەکانی ووهانەوە، ئایا بەڕاست ئەمریکا دەیەوێت سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە بزانێت، یان مەبەستی بەلاڕێدا بردنە؟”.

تیمەکانی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی لەسەردانەکەیان بۆ ووهان نەیانتوانی بگەنە ئەنجامی کۆتایی سەبارەت بە سەرەتای سەرهەڵدان و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە، تائێستاش ڕێکخراوەکە باوەڕیوایە ڤایرۆسەکە لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ گواستراوەتەوە، ئەگەری دزەکردنی ڤایرۆسەکە لە تاقیگەکانەوە تائێستا بەتەواوی پشتڕاستنەکراوەتەوە.

بابەتی پێشتر

هێرشێكی موشەكی بۆسەر بنكەی عەین ئەسەد ئەنجامدرا

بابەتی دواتر

هەفتەی داهاتوو بۆ بەرشلۆنە قورس و یەکلاکەرەوە دەبێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share