وەزیری تەندروستی کەتەلۆنیا بۆ یانەی بەرشلۆنە: پڕۆتۆکۆلەکەتان ڕەتدەکەمەوە

 

وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کەتەلۆنیا، ئالبا ڤێرگێس پڕۆتۆکۆلێکی پێشکەشکراوی یانەی بەرشلۆنە بۆ گەڕاندنەوەی بەشێک لە هاندەران بۆ ناو یاریگای نیو کامپ ڕەتدەکاتەوە.

لە ماوەی ڕابرودودا ئیدارەی یانەی بەرشلۆنە بە فەرمی پڕۆتۆکۆلێکی پێشکەشی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کەتەلۆنیا کرد، تیایدا داوای گەڕاندنەوەی لەسەدا 30ی هاندەرانیان کردووە بۆ ڕوبەڕوبوونەوەکانی کلاسیکۆی لالیگا و فرێنسڤاروشی لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا.

پاڵپشت بە پڕۆتۆکۆلە کارپێکراوەکانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا، یانەی بەرشلۆنە بە مەرجی خۆپارێزی و پاراستنی هاندەران لە ڤایرۆسی کۆرۆنا پێشنیازی کردووە بەشێک لە هاندەرانی بگەڕینێتەوە، کە ئەوەش لەڕووی وەرزشی و بازرگانییەوە سوود بە هەرێمەکە و یانەکەش دەگەیەنێت.

لەم بارەیەوە وەزیری تەندروستی هەرێمی کەتەلۆنیا، ئالبا ڤێرگێس بە ئێزگەی کادینا سێری ڕاگەیاندووە، ” ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمەکەماندا تەشەنەیکردووەتەوە، لەبەرئەوە مەحاڵە بە پڕۆتۆکۆلەکەی یانەی بەرشلۆنە قایلببین و لەم ساتە ناهەموارەدا ڕێگە بەگەڕاندنەوەی هاندەران بدەین”.

بڕیارە لە 24ی تشرینی یەکەم (ئەم مانگە) یانەی بەرشلۆنە کلاسیکۆی چوونی لالیگا لە کامپ نو بەرانبەر یانەی ڕیاڵ مەدرید، هەروەها لە ڕێکەوتی 20ی هەمان مانگ ڕوبەڕوبوونەوەی گەڕی یەکەمی خولی یانە پاڵەوانەکان بەرانبەر یانەی فرێنسڤارۆشی هەنگاری ئەنجامبدات.

فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا بەپێی پڕۆتۆکۆلێکی نوێ ڕێگەی گەڕاندنەوەی بەشێک لە هاندەران بە هەندێک لە یانەکان دەدات کە دەکەونە دەرەوەی ناوچەی سوورەوە، بەڵام شارەکانی بەرشلۆنە و ڕیاڵ مەدرید بەهۆی مەترسیداری پێگەکانیانەوە ئەو پڕۆتۆکۆلە نایانگرێتەوە.

بابەتی پێشتر

کۆرتوا: مێسی و کریستیانۆ جیاوازن و لە یەک یارییدا ڕقم لە ڕامۆس بوو

بابەتی دواتر

توتۆ سپۆرت لیستی پاڵێوراوانی بۆ خەڵاتی لاوی ئاڵتونی ئاشکراکرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share