بافڵ تاڵەبانی: نامانەوێت بەناوی یاساوە ماف و ئازادییەکان سنوورداربکرێن

بافڵ تاڵەبانی و كونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا

هاوسەرۆكی یەكێتی لەگەڵ كونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەرێم كۆبووەوە و ڕایدەگەیەنێت، یەکێتی لەگەڵ بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکان نییە و نامانەوێت بەناوی یاساوە ماف و ئازدییەکان سنوورداربکرێن. ​

بافڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەمڕۆ یەكشەممە لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لە ھەولێر پێشوازی لە کلێمێنس زێمتنەر، کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە ھەرێم کرد.

بەپێی ڕاگەیەنراوێكی نوسینگەكەی، بافڵ تاڵەبانی پێویستی پەیڕەوکردنی زمانی ھاوبەش، یەکدەنگی و لێکتێگەیشتنی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکانی ھەرێم تەئکیدکردەوە و دروستکردنی کۆدەنگی نیشتمانی بۆ ئەم ھەلومەرجە بەگرنگزانی تاوەکو لەگەڵ بەغداد لەسەر بنەمای دەستوور و یاسا بەرکارەکان پەیوەندییەکان ڕێکبخرێنەوە و پێکەوەژیانێکی باشتر بۆ خەڵک فەراھەمبکەن. ئەم ھەنگاوەشی بەھۆکاری بەرقەراکردنی سەقامگیری سیاسی و ئەمنی وەسفکرد.

ڕونیشیدەكاتەوە، سەبارەت بە ھەوڵەکانی یەکخستنەوەی ھێزی پێشمەرگە گفتوگۆی ھەمەلایەنەکرا و ھاوسەرۆکی یەكێتی جەختی لە ڕێکخستنەوە و یەکگرتنەوەی یەکە سەربازییەکان کرد لەسەر بنەمای زانستی و مەشقپێکردنێکی سەردەمییانە، بۆ ئەوەش ھاوکارییە بەردەوامەکانی ئەڵمانیای بەپێویستزانی و لەو ڕووەوە خواستی یەکێتی ڕوونکردەوە و وتی، “ھاوسەنگی و بنەمای یەکسانی پەیڕەوبکرێت بۆ بنیادنانی ھێزێکی یەکگرتووی پڕچەک و بەدیسپلین لەسەر بنەما نوێیەکانی سەربازی”.

پرسی ئازادی ڕادەربڕین تەوەرێکی تری گفتوگۆکان بوو و بافڵ تاڵەبانی ڕوونیکردەوە یەکێتی لەگەڵ بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکان و ئازادی ڕادەربڕین نییە و نامانەوێت بەناوی یاساوە ماف و ئازادییەکان سنوورداربکرێن، چونکە یەکێک لە کۆڵەکە و سەروەرییەکانی ئەزموونی دیموکراسی ھەرێمی کوردستان بوونی ئازادی، ئازادی ڕادەربڕین و پێکەوەژیانی ئاشتییانەی ھەموولایەکە، وەك ئەوەی لە ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە.

لەبارەی پرسی دەستوریشەوە بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بەچەند خاڵێکی نیشتمانی کرد بۆ نووسینەوەی دەستور و ڕایگەیاند، دەمانەوێت ببینە خاوەنی دەستورێک کە تێیدا ھاوڵاتی ئامانجی سەرەکی بێت و بتوانین لەو ڕێگایەوە سیستەمێکی سیاسی گونجاو و حکومڕانییەکی باشتر بۆ گەلەکەمان مسۆگەربکەین.

بابەتی پێشتر

وڵڤەرهامپتن 1-2 مانچستەر یونایتد

بابەتی دواتر

وادەی لێپرسینەوە لە وەزیری دارایی عێراق دیاریكرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share