بەهۆی بڕانی کارەباوە ئێران لە پاڵەوانێتیی شەتڕەنجی ئاسیا بە دۆڕاوی هاتەدەرەوە

ماوەی هەفتەیەکە بڕانی کارەبا لە شار و شارۆچکەکانی ئێران پرسێکی گەرمی ناو خەڵکییە، دوێنێش بەهۆی بڕانی کارەباوە، ئێران لە پاڵەوانێتیی شەتڕەنجی ئاسیا، كە بە ئۆنلاین بەڕێوەدەچوو، ئۆفلاین بوو، دواتر بە دۆڕاو ئەژمارکرا.

بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، ئەمساڵ پاڵەوانێتیی شەتڕەنجی ئاسیا، لەڕێگەی ئۆنلاینەوە بەڕێوەچوو، بەڵام ئەمە بۆ ئێرانییەکان تاکە بەڵا نەبوو، بەڵکو بڕینی کارەبا لەكاتی بەشداریی یاریزانانی وڵاتەكە، دۆڕانی ئێرانی لێكەوتەوە.

لە پاڵەوانێتییەکەدا 8 ئێرانی بەرامبەر کامێراکان دانیشتبوون و یارییان دەکرد، بەڵام، کارەبا بۆ ماوەیەكی زۆر بڕا و کاتی بێكارەباییەكە ئەوەندەی خایاند، جارێکی دیکە دەرفەتی بە بەشداریی ئێرانییەکان نەدا لە پاڵەوانێتییەکەدا و دەستبەتاڵ هاتنە دەرەوە.

دانانی خشتەی پێدانی کارەبا لە دوو پارێزگای ئێران، هاوكات بەرزبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی بیتکۆین لەو وڵاتە، گومانی ئەوەی دروستکردووە، کە بڕانی کارەبا پەیوەندیی بە بەرهەمهێنانی دراوە ئەلیکترۆنییەکەوە بێت.

بەپێی زانیارییەکان 4،5٪ی بیتکۆینی جیهان لە ئێران بەرهەمدەهێندرێت، ئەمەش هەوڵێکی نوێی ئەو وڵاتەیە بۆ بەدەستهێنانی پارە و خۆدزینەوە لە سزا ئابورییەکانی ئێران.

بەرهەمهێنانی بیتکۆین وەک دراوێکی ئەلیکترۆنی، پێویستی بە ناوەندێکی گەورەی ئەلیکترۆنی هەیە بۆ هەڵگرتنی کۆمپیتەرەکان، ئەوەش پێویستی بە بڕێكی زۆری کارەبا هەیە.

وەزارەتی وزەی ئێران لەبارەی بڕانی کارەباوە ئاشكرایکردووە، “بڕانی کارەبا لە هەندێک شوێن بەرنامەبۆداڕێژراو نەبووە، بەڵام لە دوو پارێزگای ئێران، بە خشتە، هاووڵاتییان لە بڕانی کارەبا ئاگاداركراونەتەوە.

وەزارەتی وزەی ئێران دەڵێت، بەهۆی دۆخی کەشوهەواوە، بەراورد بە ساڵی ڕابردوو هەشت هەزار مێگاوات کارەبا زیاتر بەکاردەهێنترێت، بەرزبوونەوەی ڕێژەکەش پێناچێت پەیوەندیی بە بەکارهێنانی کارەباوە بێت لەلایەن خەڵکییەوە، بەڵکو وەک کارەبای بازرگانی، بەکارهێنانی کارەباکە زیادی کردووە.

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز، ساڵی ڕابردوو ئێران لە بەرهەمێنانی بیتکۆیندا یەک ملیار دۆلار قازانجی کردووە، کە ئەوەش وەک كەمكردنەوەی كاریگەریی سزا ئابورییەکانی ئەمریکا دەتوانرێت تەماشا بکرێت، کە دوور نییە ئەم هەوڵەی ئێران بۆ وەبەرهێنان لە دراوی ئەلیکترۆنیدا، بەهاوکاریی وڵاتی چین بێت.

بابەتی پێشتر

بافڵ تاڵەبانی بۆ کونسوڵی بەریتانیا: ئێمە لەگەڵ دەستورێکی گەلپەسەنداین

بابەتی دواتر

هەرێمی كوردستان مامۆستایانی وانەبێژ لە یەككاتدا و ڕێكخراوتر گردبوونەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share