بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کۆنفرانسی یەکڕیزی و دەستوور، دەستپێشخەرییەكی بۆ لایەنەکانی هەرێمی کوردستان خستەڕوو لەبارەی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق، دەڵێت، “با هەر ئەمڕۆ لێرە ڕێکبکەوین لە هەڵبژارنەکان یەکڕیزبین”، دواتر بە ئامادەبووانی وت، “ئەمڕۆش وەڵامتان دەدەینەوە”.
لە وەڵامی ئەوەی چ دەستپێشخەرییەکی هەیە بۆ یەکڕیزی لایەنەکان و نوسینەوەی دەستووری هەرێمی کوردستان، لە میانی پانێڵی “یەکڕیزیی سیاسی لە پێناو دەستوور”، بافڵ تاڵەبانی وتی، “هەموومان دەبێت بۆ ئەو مەبەستە هەنگاوبنێین، هەمووان وەڵامی ئەو پرسیارەیان بەجوانی دایەوە، من دەمەوێت لێرە دەستپێشخەرییەک بۆ سەرجەم لایەنەکان بخەمەڕوو، وەرن با ئەمڕۆ لەم کۆنفرانسە ڕێکبکەوین لە هەڵبژاردنی داهاتووەی پەرلەمانی عێراق بە ڕێگا دیپلۆماتییەکان، هەڵبژاردنەکان بکەین”.
وتی، “ئێستا دەیان هەزار کەسی میللەتی ئێمە بایکۆتی هەڵبژاردنیان کردووە، چونکە متمانەیان پێمان نەماوە، با هەر ئەمڕۆ لەم کۆنفرانسە شتێک بکەین خەڵکەکەمان و میللەتەکەمان دڵیان خۆشبێت”.
هاوسەرۆکی یەکێتی ئاماژەی بەوەکرد، کە لە کۆنفرانسەكەدا شەش حزبی سەرەکیی کوردستان ئامادەن، دەتوانن هەر لەو کۆنفرانسەدا ڕێکبکەون، وتی “ئەوە کارێکی ئاسانە”.
بافڵ تاڵەبانی ڕایگەیاند، “با ئەمڕۆ ڕێکبکەوین دوای هەڵبژاردنەکان هەموومان کورسییەکانمان بکەین بە یەک لۆبیی کوردی لە عێراق، شانبەشانی یەک بڕۆینە بەغداد، بەمە دەتوانین دڵی میللەتەکەمان خۆشبکەین، با پیشانیان بدەین هەڵەمان هەیە، بەڵام لە ئەمڕۆوە کاردەکەین بۆ نەهێشتنی هەڵەکان”.