بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ وەفدێكی باڵای هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی كۆبووەوە

بافڵ تاڵەبانی و شاندی باڵای هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی

هاوسەرۆكی یەكێتی لەگەڵ وەفدێكی باڵای هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی كۆبووەوە و ڕایدەگەیەنێت، پێویستە بنەمای ھاوسەنگی و یەکسانی لە یەکگرتنەوەی ھێزی پێشمەرگە ڕەچاوبکرێت.

بافڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەمڕۆ سێشەممە لە دەباشان پێشوازی لە وەفدێکی باڵای ھێزەکانی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کرد کە پێکهاتبوون لە کۆڵۆنێڵ چارلی سایکێس، دەیڤ ویڵیامس و یان تێن هۆڤ.

بەپێی ڕاگەیەنراوێكی نوسینگەكەی، لەکۆبوونەوەکەدا بەوردی گفتوگۆ لەبارەی دۆخی ئەمنی لە عێراق و ناوچە کێشەلەسەرەکان کرا و ڕاوبۆچوون دەربارەی یەکخستنەوەی ھێزی پێشمەرگە و پێکھێنانی ھێزێکی سەربازی نیشتمانیی بە دیسپلین و مەشقپێکراو خرایەڕوو.

بافڵ تاڵەبانی لەبارەی چۆنییەتی یەکخستنەوەی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان و ڕێکخستنەوەیان لەچوارچێوەی پرۆژەیەکی نیشتمانیی نەتەوەیی، ھەڵوێستی یەکێتی خستەڕوو و جەختی لە بەردەوامی ھەوڵەکان کردەوە بەو ئاڕاستەیەی کە بنەمای ھاوسەنگی و یەکسانی لە یەکگرتنەوەی ھێزی پێشمەرگە رەچاوبکرێت و ھێزێکی نیشتمانی رێکخراو دروستبکرێت کە رەنگدانەوەی ھەموو پێویستییەکانی بەرژەوەندی گشتی ئەمڕۆی ھەرێم بێت. دووربێت لە دەستێوەردانی حزبی و ھەموو پشتیوانییەکی یەکێتیشی بۆ سەرخستنی ئەم پرۆژە نەتەوەییە دەربڕی، وەك ئەوەی لە ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە.

ھاوسەرۆکی یەكێتی سوپاسی ھێزەکانی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کرد کە ھاوکار و پشتیوانی ھەرێم و عێراق بوون لە ڕوبەڕوبوونەوەی تیرۆر و بەرقەرارکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکە. بەردەوامی و فراوانکردنی ئەو ھەماھەنگییەشی بە هاوکاری هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق دووپاتکردەوە.

بابەتی پێشتر

هەپەگە ئەردۆغان بەدرۆدەخاتەوە و كوژرانی سەركردەیەكی ڕەتدەكاتەوە

بابەتی دواتر

وەزارەتی تەندروستی لەبارەی بەزۆر هێشتنەوەی نەخۆشێكی هەولێر لە نەخۆشخانە، ڕوونكردنەوە دەدات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share